![]() |
![]() |
|
قه‌یرانی بزاڤی شانۆیی كوردید. ئازاد حه‌مه شه‌ریف-هه‌ولێر ![]() I - نیشانه‌كانی قه‌یرانی بزاڤی شانۆیی كوردی: بزاڤی شانۆیی كوردی هه‌ر له‌دوای راپه‌ڕینه‌وه به بارودۆخێكی قه‌یراناوی دا تێ ده‌په‌ڕێت . زه‌قترین نیشانه‌كانی ئه‌و قه‌یرانه‌ش تۆرانی بینه‌ره له هۆڵه‌كانی شانۆ به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ ساڵانی حه‌فتا و هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردوو. سی تا چل ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر بینه‌ری شانۆ به عیشق و خۆشه‌ویستیه‌كی زۆره‌وه شانۆیان له‌باوه‌ش ده‌گرت و هۆڵه‌كانی شانۆش جمه‌یان له بینه‌ر ده‌هات . بینه‌رانی ئه‌وساش هه‌مه‌جۆر بوون – هه‌ر له پیری حه‌فتا – هه‌شتا ساڵیه‌وه‌ی تێدابوو تا ده‌گه‌یشته پیاوی كامڵ و گه‌نج و مێردمنداڵ و منداڵیش. ژنان و كچانیش هه‌رچه‌نده كه‌میش بووبن به‌ڵام به‌رده‌وام له هۆڵه‌كاندا ئاماده‌بوونیان هه‌بوو. وه‌نه‌بێت هه‌رته‌نها كه‌می بینه‌ر نیشانده‌ری قه‌یرانی بزاڤی شانۆیی كورد بێت و بینه‌ریش له خت و خۆراییه‌وه له شانۆ نه‌تۆراوه. بێگومان كه‌می به‌رهه‌می شانۆیی چاك و دووركه‌وتنه‌وه‌ی شانۆیی له گیروگرفته‌كانی خه‌ڵك به‌گشتی و پێشكه‌شكردنی شانۆی گاڵته‌جاڕی یه‌گجار ئاست نزم له‌جیاتی كۆمیدیای هونه‌ری و خۆهه‌رزانفرۆشكردنی هه‌ندێ له‌شانۆكاران و ده‌سته ده‌سته‌یی و شارچێتی و حیزگه‌رێتی شانۆكاران و سه‌رهه‌ڵگرتن و وازهێنانی زۆرێك له شانۆكارانی كورد و به‌ربادی هۆڵه‌كانی شانۆ و كۆنی ته‌كنیكه‌كانی به‌كارهاتوو له‌شانۆدا ، ئه‌وانیش هه‌ریه‌كه به‌جۆرێك له‌جۆره‌كان كاریگه‌ری خۆیان له‌سه‌ر شانۆ و به‌قه‌یرانبوونی شانۆدا به‌جێ هێشتووه . راسته ، هه‌رگیز چوونه‌شانۆ و ئاره‌زووی بینینی شانۆگه‌ری له كۆمه‌ڵگه‌ی كورده‌واریدا تا ئیمڕۆش نه‌بۆته دیارده ، به‌ڵام ته‌كینه‌وه‌ی خه‌ڵك به‌م جۆره له‌شانۆ به‌تایبه‌تی دوای راپه‌ڕین پێویستی به هه‌ڵوه‌سته‌یه‌كی جه‌رگسۆزانه و راسته‌قینه هه‌یه. ئه‌گه‌ر به‌راوردێكی ئه‌و كه‌ش و بایه نیمچه ئازاده‌ی ئیمڕۆ بكه‌ین له‌گه‌ڵ كه‌ش و بای گرژ و تووند و ترسناكی ساڵانی هه‌شتاكان ، ده‌بوایه ئێستا بزاڤی شانۆیی كوردی پێشكه‌وتن و ته‌كانی گه‌وره‌ی به‌خۆوه بدیبووایه. كه‌چی پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه راسته. جگه له‌و هه‌شت – نۆ خاڵانه‌ی له‌سه‌ره‌وه كه بۆ مه‌به‌ستی ده‌ستنیشانكردنی قه‌یرانه‌كه خرانه‌ڕوو ، هۆكاری تر هێنده زۆرن كه له نووسینه‌وه‌یه‌كی وادا ته‌نها ده‌توانم ، به‌كورتی هه‌ره دیاره‌كانیان باس بكه‌م. ئه‌گینا ئه‌و باسه زۆر هه‌ڵده‌گرێت و پێویستی به نووسینه‌وه‌ی چه‌ندان كتێبه. II - هۆكاره‌كانی قه‌یرانی بزاڤی شانۆیی كوردی: دوای ده‌ستنیشانكردنی قه‌یرانی بزاڤی شانۆیی كوردی به‌مجۆره به‌ربادی یه‌وه ، لێره به‌دواوه خاڵ به‌خاڵ هۆكاره‌كانی ئه‌و قه‌یرانه ده‌خه‌ینه به‌ر تیشكی لێكۆڵینه‌وه و پێ به پێ هه‌ریه‌كه‌یان شیده‌كه‌ینه‌وه . یه‌كه‌م : كه‌می یان نه‌بوونی ده‌قی خۆماڵی /وه‌رگێردراوی به‌هێز (كه له‌سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆكانی كوردستان پێشكه‌شكرابێت) و له‌گه‌ڵ رۆحی سه‌رده‌م بگونجێت و ناخی خه‌ڵك لێك بداته‌وه. ساڵانی حه‌فتا و هه‌شتاكان گه‌لێك ده‌قی به‌هێز به‌گوێره‌ی سه‌رده‌می خۆی نووسران یان وه‌رگێًڕدران. له‌مانه (گێچه‌ڵه‌كانی حه‌مه وه‌ی وه‌ی) ، (قه‌ڵای دمدم) و (شاری ئه‌وین ) ، (خانزادێكی تر ) ی ته‌لعه‌ت سامان ، (پیلان) ی محه‌مه‌د مه‌ولود مه‌م و (هاوارێكی تاساو) ی جه‌لیل زه‌نگه‌نه و (نالی و خه‌ونێكی ئه‌رخه‌وانی ) و (كاتێ هه‌ڵۆ به‌رز ده‌فڕێ) ی مامۆستا ئه‌حمه‌د سالار و (خه‌ج و سیامه‌ند) ی نازم دڵبه‌ند كه توانیان تاراده‌یه‌ك خه‌ڵك له‌ده‌وری خۆیان كۆ بكه‌نه‌وه. به‌هه‌مان شێوه‌ش ده‌قی وه‌رگێردراوی (هه‌بوو ، نه‌بوو) نووسینی : قاسم محه‌مه‌د و وه‌رگێرانی : عومه‌ر شێخه‌ڵا ده‌شته‌كی و ده‌رهێنانی : سه‌باح عه‌بدولره‌حمان و (شۆڕشی مردووه‌كان) نووسینی : ئێروین شۆ و وه‌رگێرانی : یاسین قادر به‌رزنجی و (شێته‌كانی ئه‌م رۆژگاره) نووسینی : دیمیتری باساناس و وه‌رگێرانی :ئازاد حه‌مه شه‌ریف و ده‌رهێنانی هیوا سوعاد و دواتریش هونه‌رمه‌ندی كۆچكردوو جه‌وهه‌ر باپیر و چه‌ندان ده‌رهێنه‌ری تریش ده‌ریان هێنا، (ئیمپراتۆر جۆنز) نووسینی : یوجین ئۆنێڵ و وه‌رگێڕانی : ئازاد حه‌مه شه‌ریف و ده‌رهێنانی : عاره‌ب مه‌ولود و (مۆزارت و سالێری) نووسینی : پۆشكین و وه‌رگێڕانی: مه‌حمود زامدار و ده‌رهێنانی : كه‌ریم عوسمان و فوئاد جه‌لال و (نرخی ئازادی ) نووسینی : عه‌مانۆئێل رۆبینز و وه‌رگێڕانی : نیاز له‌تیف و ده‌رهێنانی ژیلوان تاهیر و چه‌ندانی تر شایه‌دی سه‌رده‌می زێڕِینی شانۆی كوردی ئه‌و قۆناغه‌ن. ده‌قه نووسراو و وه‌رگێڕدراوه‌كانی سه‌رده‌می پێش راپه‌ڕین چونكه خاوه‌ن جیهانبینیه‌كی به‌هێز بوون توانیان زۆر به ئاسانی وێژدانی بینه‌ری كورد بهه‌ژێنن و له‌ده‌وری خۆیان كۆیان بكه‌نه‌وه . به‌ڵام دوای راپه‌ڕین به‌ده‌گمه‌ن ده‌قی زیندوو پێشكه‌ش كران چونكه زۆربه‌ی ده‌قه‌كان تا راده‌یه‌ك مردوو بوون بۆیه‌ش وایان له بینه‌ر كرد تا پێ ی بكرێت له شانۆ دوور بكه‌وێته‌وه . دووه‌م : نزمی ئاستی رۆشنبیری و هونه‌ری شانۆكارانی دوای راپه‌ڕین . زۆربه‌ی شانۆكارانی دوای راپه‌ڕین له ئه‌نجامی قورسی باری ژیان و خه‌ریكبوونیان به نان په‌یداكردنه‌وه ، شانۆیان له‌لا بۆته شتێكی لاوه‌كی. هه‌ر بۆ نموونه زۆرێك له شانۆكارانی كورد روویان له ته‌له‌فزیۆنه‌كان كرد و بوونه كارمه‌ندی ئاسایی ئه‌و ده‌زگایانه له پێناو په‌یداكردنی پارووێك ناندا و زۆریان له بواری شانۆ دابڕان و سه‌رقاڵی كاری لابه‌لای تر بوون . ئه‌مه‌ش وایكردووه كه گرنگی به شانۆ نه‌ده‌ن و به عیشق و خۆشه‌ویستیه‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ شانۆ نه‌كه‌ن. شانۆش به حوكمی ئه‌وه‌ی تا ئێستا له كوردستان نه‌بۆته سه‌رچاوه‌ی داهات په‌یداكردن ، بۆیه شانۆكاران ناچار بوونبه بێ باكیه‌وه بڕواننه شانۆ. سه‌ره‌نجامی ئه‌مه‌ش وا كه‌وتۆته‌وه ئه‌وان خۆیان پێ پێشنه‌خرێت و له‌سه‌رچاوه‌كانی زانیاری و هونه‌ری داببڕێن .ته‌نانه‌ت زۆربه‌ی شانۆكارانی كورد له‌دوای راپه‌رین له زمانی كوردی به‌ولاوه زمانی عه‌ره‌بیش نازانن ، سه‌ره‌نجام سه‌رچاوه‌ی رۆشنبیری و زانیاریان سنووردار ده‌بێت. بۆیه‌ش ئه‌وان ناتوانن خۆ له شتی گه‌وره و مه‌زن بده‌ن و به‌مه‌ش بزاڤی شانۆیی كوردی دوای راپه‌ڕین له‌چاو هی پێش راپه‌ڕین تاراده‌یه‌ك له‌پاشه‌كشێدایه. سێیه‌م : لێشاوی هاتنه ناوه‌وه‌ی ته‌كنۆلۆژیای نوێ (وه‌ك سه‌ته‌لایت و ئینته‌رنێت و DVD و هتد) . له سه‌رانسه‌ری جیهاندا له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتنی ته‌كنۆلۆژیا ، شانۆش پێش ده‌كه‌وێت. به‌ڵام له كوردستاندا ره‌وشه‌كه پێچه‌وانه‌یه. ئه‌مه‌ش له‌به‌رئه‌وه‌یه تا ئێستا شانۆكارانی كورد نه‌یانتوانیووه به شێوه‌یه‌كی چاك سوود له ته‌كنۆلۆژیای سه‌رده‌میانه وه‌ربگرن و بۆ مه‌به‌ستی پێشخستنی بزاڤی شانۆیی كوردی به‌كاری بهێنن. به‌ڵكو به پێچه‌وانه‌وه ، به‌رهه‌مه ته‌كنۆلۆژیه هاوچه‌رخه‌كان بزاڤی شانۆیی كوردیان پتر تووشی قه‌یران كردووه. ئێستا به لێشاو شانۆیی بیانی له كه‌ناڵه جیاجیاكانی سه‌ته‌لایت پیشان ده‌درێن. چه‌ندین پێگه‌ی ئینته‌رنێت هه‌ن كه شانۆیی به‌هێزیان له‌سه‌ردانراوه و هه‌موو كه‌سێك ده‌توانیت به یه‌ك كلیك له‌ماڵه‌وه بیانكاته‌وه. DVD هه‌مه‌جۆر له‌بازاڕدا كراشه‌یان دێت و به‌پاره‌ی كرێ ی سه‌رێكی تاكسی ده‌كڕدرێن. جا له‌به‌رئه‌وه‌ی شانۆكارانی كوردیش نایانتوانیووه سوود له‌به‌رهه‌مه ته‌كنۆلۆژیه نوێكان ببینن له بواری (دیكۆرسازی شانۆیی ) و (روناكی شانۆیی) و ( كاریگه‌ریه ده‌نگیه‌كانی شانۆیی ) و (رازاندنه‌وه و ئارایشتكاری مۆدێرن ) و هتد ، بۆیه بزاڤی شانۆیی كوردی له كاروانی شارستانی هاوچه‌رخ به جێماوه و به‌بێ ئه‌وه‌ی ته‌كانێكی خێرا به‌خۆی بدات له‌وانه‌یه به‌ره‌و نه‌مان بچێت . چواره‌م : نه‌بوونی دابونه‌ریتی چوونه‌شانۆ له‌لای مرۆڤی كورد. ئه‌م دیارده‌یه پتر له‌شاره‌كانی هه‌ولێر و دهۆك به‌رچاو ده‌كه‌وێت له‌وه‌ی له شاری (سلێمانی) (خۆ باسی شاری كه‌ركوكیش ناكه‌ین چونكه هه‌مووی چه‌ند ساڵێكی كه‌مه له‌ده‌ست رژێم رزگاری بووه و تا ئێستاش ئارامی به‌خۆوه نه‌دیووه ، بۆیه له‌م لێكۆڵینه‌وه‌ماندا هه‌ڵی ده‌بوێرین). جا به‌حوكمی ئه‌وه‌ی پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌و دوو شاره‌ی كوردستان – هه‌ولێر و دهۆك – خێڵه‌كی یه و وه‌ك هه‌مووشمان ده‌یزانین چوونه شانۆ دابونه‌رێتێكی ئه‌وپه‌ڕی شارستانیانه‌یه ، بۆیه خه‌ڵكی ئه‌م دوو شاره كه‌متر له‌خه‌ڵكی (سلێمانی) ده‌چنه شانۆ ، چونكه شاری سلێمانی هه‌ر له‌كۆنه‌وه ، پێگه‌یه‌كی بازرگانی بووه و به حوكمی ئه‌وه‌ش كه پێگه‌ی فه‌رمانڕه‌وایی بابانه‌كان و باره‌گای شێخ مه‌حمود بووه ، خه‌ڵكی هه‌مه‌جۆر له هه‌موولایه‌كی كوردستانه‌وه روویان تێ ی كردووه. ئه‌مه‌ش وایكردووه كراوه‌تر بێت به‌رووی هه‌موو دیارده شارستانیه‌كان له دوو شاره‌كه‌ی تر. شاری(سلێمانی) تا ئێستاش له رووی بزاڤی هونه‌ریه‌وه به‌گشتی و هونه‌ری شانۆییه‌وه له پێشه‌وه‌ی شاره‌كانی تری كوردستانی عێراق دێت. هه‌ربۆیه‌ش ، شانۆكارانی سلێمانی له‌وانه‌یه بتوانن له‌ماوه‌یه‌كی كه‌مدا وا له خه‌ڵك بكه‌ن به پلیت بێنه ناو شانۆوه و به‌پاره‌ی ئه‌وه‌ش بتوانن بزاڤی شانۆیی له‌شاره‌كه‌یان پێش بخه‌ن ، به‌ڵام (هه‌ولێر) و (دهۆك) ماوه‌یه‌كی پتری پێ ده‌وێت تا به‌م قۆناغه ده‌گه‌ن. پێنجه‌م : نه‌توانینی دابینكردنی بودجه یان به‌رهه‌مهێنی سه‌ربه‌خۆ . له‌به‌رئه‌وه‌ی بزاڤی شانۆیی كوردی تا ئێستا نه‌یتوانیووه وه‌ك كه‌رتی تایبه‌ت رۆڵی خۆی ببینێت ، بۆیه په‌یداكردنی بودجه بۆ هه‌ر به‌رهه‌مێكی شانۆیی یه‌كێكه له خه‌مه گه‌وره‌كانی زۆربه‌ی شانۆكاران. تا ئێستاش شانۆكارانی كورد هه‌ر پشت به به‌خششی وه‌زاره‌ته‌كانی حكومه‌ت و ده‌زگا حیزبیه‌كان ده‌به‌ستن بۆ ڕاپه‌ڕاندنی كاره‌كانیان. بێگومان ئه‌مه‌ش هه‌رگیز بێ باجدان نه‌بووه و نابێت چونكه ئه‌مه واده‌كات دام و ده‌زگای پاره‌ده‌ر مه‌رجی خۆی هه‌بێت بۆ به‌رهه‌مهێنانی هه‌ر كارێك و به‌مه‌ش ئازادی شانۆكاره‌كه ژێر پێ ده‌كه‌وێت. جگه له‌مه‌ش ته‌رخانكردنی بودجه له‌لایه‌ن وه‌زاره‌ت و دام و ده‌زگاكانه‌وه تا ئێستاش هه‌ر له‌سه‌ر بنه‌مای خزم و ناسیاوی و رێككه‌وتن بووه له نێوان ده‌رهێنه‌ر و به‌ڕێوه‌به‌ر و كاربه‌ده‌سته‌كانه‌وه نه‌ك له‌سه‌ر بنه‌مای باشی و خراپی به‌رهه‌مه‌كه. ئه‌مه‌ش بێگومان واده‌كات هه‌تا به‌رهه‌مێكی باش ره‌زامه‌ندی بۆ دێته‌وه ده‌یان به‌رهه‌می خراپ ره‌زامه‌ندی لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان وه‌ربگرێت . چونكه كه‌سی خاوه‌ن به‌رهه‌می باش هه‌رگیز ئاماده نیه واسیته و واسیته‌كاری و رێككه‌وتنی ژێربه‌ژێر له‌گه‌ڵ ئه‌م و ئه‌و بكات. لایه‌نێكی تری ئه‌م مه‌سه‌له‌یه ئه‌وه‌یه ، ئه‌گه‌ر شانۆكار هه‌ر چاوی له‌ده‌ستی ئه‌م و ئه‌و بێت ئه‌و شانۆكاره په‌ره به‌تواناكانی خۆی نادات و هه‌ستی به‌ربه‌ره‌كانێ ی تێدا ده‌مرێت ، به‌مه‌ش هه‌م ئاستی خۆی و هه‌م ئاستی هونه‌ره‌كه‌ی داده‌به‌زێت. شه‌شه‌م : بۆشایی بازاڕی شانۆیی و پڕكردنه‌وه‌ی به CD ی گاڵته‌جاڕی له جیاتی كۆمیدیای به‌رز. ئه‌وه‌ی به‌م دواییانه هه‌ستی پێده‌كرێت وه‌كو كاردانه‌وه‌یه‌ك بۆ نه‌بوونی بودجه و قورسی باری ژیانی شانۆكاران ، كۆمه‌ڵێك شانۆكاری كۆمیدی به‌تایبه‌تی له‌شاری هه‌ولێر ده‌ستیان داوه‌ته ده‌رهێنانی كاری گاڵته‌جاڕی كه هیچ ئاستێكی هونه‌ری تێدا نییه و به‌مه‌ش هونه‌ری به‌رزی كۆمیدیایان له‌به‌رچاوی خه‌ڵك ریسوا كردووه. ئه‌وه‌ی زۆر ئاشكرایه ئه‌و جۆره CD یانه به‌مه‌به‌ستی بازرگانیكردن به هونه‌ره‌وه به‌رهه‌م هێنراون بۆیه هیچ به‌هایه‌كی ئه‌وتۆیان نی یه و كه‌م ئه‌كته‌ری پرۆفیشناڵ كاری واده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر له‌برسانیش نمرن چونكه ئه‌مه نه‌ك ته‌نیا هونه‌ری شانۆیی ریسوا ده‌كات به‌ڵكو پێش هه‌موو كه‌سێك شانۆكاره‌كه‌ی پێ سووك وریسوا ده‌بێت . كه‌چی وه‌ك هه‌موولایه‌ك ده‌یزانێت ، كۆمیدیا به‌رهه‌مێكی هونه‌ری به‌رزه و هیچی له تراژیدیا كه‌متر نییه ئه‌گه‌ر زیاتر نه‌بێت. كاریگه‌ری كۆمیدیاش زۆر خێرا و به‌سوودتره له كاریگه‌ری تراژیدیا . به‌ڵام وادیاره له‌لای كورد ئه‌مه‌ش به‌شێوه‌ی شته‌كانی تر لنگه‌وقوچ دانراوه. حه‌وته‌م : بێتامی زۆربه‌ی به‌رهه‌مه شانۆییه‌كانی دوای راپه‌ڕین (مه‌گه‌ر به‌ده‌گمه‌ن شتێكی رێزپه‌ڕی له‌وبابه‌ته به‌ده‌ر هه‌بێت). زۆربه‌ی ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی دوای راپه‌ڕین پێشكه‌شكراون نه‌یانتوانیوه ، بینه‌ری زۆر بۆ لای خۆیان رابكێشن . به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌م قسه‌مان ئه‌وه‌یه دوای راپه‌ڕین كه‌م به‌رهه‌می شانۆیی بوونه‌ته (رووداوێكی سه‌رنج راكێش) كه خه‌ڵكی له‌بیریان بمێنێت یان به‌رده‌وام باسی لێوه بكه‌ن. ئه‌مه‌ش مانای وایه خه‌ڵك ئه‌وه‌نده چێژیان له‌و شانۆییانه وه‌رنه‌گرتووه تا جارله‌دوای جار به‌به‌رده‌وامی بێنه‌وه شانۆ و ئاماده‌بن كات و پاره‌ی بۆ ته‌رخان بكه‌ن. هه‌رچه‌نده شانۆیی (چۆله‌كه‌یه‌ك له تاو ئازاره‌كانی خۆی سه‌ما ده‌كات) ی (سدیق حوسێن ) و (وه‌رزی عیشق) ی له نووسینی (تاگور) و له‌ده‌رهێنانی (ژیلوان تاهێر) كه‌مێك ئه‌و به‌سته‌ڵه‌كه‌یان له شاری هه‌ولێر شكاند و له شاری (سلێمانی) یش شانۆیی (كه‌لاوه ) له ده‌رهێنانی (ماهیر حه‌سه‌ن ) وادیاره جێگای خۆی له‌ناو دڵی بینه‌رانی شاره‌كه كردۆته‌وه بۆیه له‌لایه‌ن بینه‌رانه‌وه به‌گه‌رمی پێشوازی لێكرا. به‌ڵام زۆربه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی تر به‌سه‌رپێ ی تێپه‌ریوون و ته‌نانه‌ت به‌رهه‌مه باشه‌كانیش زۆر به‌ده‌گمه‌ن بوونه‌ته رووداوی درێژخایه‌ن له بیروهۆشی بینه‌رانی كورددا. هه‌شته‌م : شانۆكارانی دوای راپه‌ڕین به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ هی پێش راپه‌ڕین كه‌متر مل له چه‌قۆ ده‌خشێنن. ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه چ نووسه‌ران و چ وه‌رگێڕه‌كان و چ ده‌رهێنه‌رانی دوای راپه‌ڕین كه‌متر ده‌وێرن په‌نجه بۆ بابه‌ته بڤه‌كانی ناو كۆمه‌ڵگه‌ی كورده‌واری و سه‌ر گۆره‌پانی كوردی درێژ بكه‌ن. كه واش ناكه‌ن هه‌م راستگۆیی خۆیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن وه‌كو هونه‌رمه‌ند و هه‌میش خه‌ڵك كه ئازاره‌كانی خۆیان له‌سه‌ر شانۆ نابیننه‌وه لێیان دوور ده‌كه‌وێته‌وه و خۆشیان ناوێن و باوه‌شیان بۆ ناكه‌نه‌وه. كه‌چی شانۆكارانی پێش راپه‌ڕین زۆربه‌یان ئاماده‌بوون له‌سه‌ر به‌رهه‌مه‌كانیان تووشی گیران و تێهه‌ڵدان و چاوسووركردنه‌وه و له ئیش وكار ده‌ركرانیش بێن. نۆیه‌م : نه‌مانی دۆزێكی گه‌وره كه شانۆكاران له‌ده‌وری خۆی كۆ بكاته‌وه. به‌ر له راپه‌ڕین هه‌موو شانۆكاران به‌وانه‌شه‌وه كه لایه‌نگیری رژێم بوون ، هه‌ستیان ده‌كرد كه كورد خاوه‌نی دۆزێكی زیندووه و هه‌رچۆنێك بێت ئه‌ركی سه‌رشانی هه‌موولایه‌كه داكۆكی له‌و دۆزه بكات. به‌ڵام دوای راپه‌ڕین و له ئه‌نجامی شه‌ڕی كوردكوژی و گه‌نده‌ڵكاریه‌وه دۆزه‌كه و مه‌سه‌له‌ی نیشتیمانپه‌روه‌ری كه‌وته پاشه‌كشه و له‌جیاتی ئه‌مه مه‌سه‌له‌ی بار‌و دۆخی قورسی ژیان بووه مه‌سه‌له‌ی یه‌كه‌مین چونكه شانۆكاران به‌به‌رچاوی خۆیانه‌وه ده‌یانبینی كه زۆر مرۆڤی شۆڕشگێڕ په‌راوێزخران و زۆر كه‌سانی كاسه‌لێس و خۆفرۆش برانه په‌ڕه‌گه‌ی ئاسمان. ئه‌مه‌ش ناخی هه‌موو مرۆڤێكی خاوه‌ن وێژدانی هه‌ژاند و وایانی لێ‌كرد به بێزه‌وه باس له‌و مه‌سه‌لانه بكه‌ن كه جاران ئاماده بوون سه‌ر و رۆح و ماڵ و منداڵی خۆیان له‌و پێناوه‌دا بۆ بكه‌نه قوربانی. ده‌یه‌م : دابه‌شبوونی شانۆكاران به‌سه‌ر گروپ و لایه‌نی حیزبی جیاواز و هه‌ڵسوڕاندنیان له‌لایه‌ن ده‌زگا ناهونه‌ریه‌كانه‌وه. له‌ئه‌نجامی ئه‌و په‌رتبوون و گروپ گروپێنه‌وه ، شانۆكاران وه‌كو هێزێكی گه‌وره سه‌ربه‌خۆیی خۆیانیان له‌ده‌ستداوه و به‌مه‌ش له‌جیاتی ئه‌وه‌ی ببنه پێشه‌نگی كۆمه‌ڵ ، زۆربه‌یان بوونه‌ته پاشكۆی حیزبه‌كان و هه‌میشه‌ش چاویان له‌ده‌ستی ئه‌وانه بیانژیێنێت، نه‌ك خۆیان به‌به‌رهه‌مه شانۆییه به‌رزه‌كانیان بتوانن خه‌ڵك له‌ده‌وری خۆیان كۆ بكه‌نه‌وه و وابكه‌ن حیزبه‌كان حیسابیان بۆ بكه‌ن و مه‌منوونیان بن ئه‌گه‌ر ته‌نها لایه‌نگریان بن نه‌ك پاشكۆیان. یانزه‌یه‌م : كه‌می یان نه‌بوونی نووسه‌ر و ئه‌كته‌ر و ده‌رهێنه‌ری پرۆفێشناڵ له بواری شانۆییدا. زۆربه‌ی نووسه‌ره‌كانی ده‌قه شانۆییه‌كان یان شاعیرن یان چیرۆكنووس . جا له ئه‌نجامی نه‌بوونی شاره‌زایی ئه‌و نووسه‌رانه له هونه‌ری شانۆدا ، زۆربه‌ی ده‌قه شانۆییه‌كان به‌كه‌موكوڕی و ناته‌واویه‌وه ده‌خرێنه سه‌ر شانۆ. ئه‌مه‌ش واده‌كات كه ئه‌كته‌ره ناپرۆفێشناڵه‌كان ده‌قه‌كه به‌ربادتر بكه‌ن و ده‌رهێنه‌ره خۆڕسكه‌كانیش هێنده‌ی تر ئه‌و ده‌قانه سه‌قه‌ت ده‌كه‌ن. سه‌ره‌نجام ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی به‌رهه‌مه شانۆییه‌كه زۆر ناڕێك و ناته‌واو ده‌ربچێت و بینه‌ریش به‌ته‌واوی له شانۆ بته‌كێته‌وه. دوازده‌هه‌م : نه‌بوونی لێكۆڵینه‌وه‌ی مه‌یدانی و به‌دواداچوون له‌لایه‌نی ره‌خنه‌گرانه‌وه بۆ به‌رهه‌مه شانۆییه پێشكه‌شكراوه‌كان. بێگومان ، ئه‌مه كه‌لێنێكی یه‌گجار زله له بواری ره‌خنه‌ی بزاڤی شانۆیی كوردی دا. چونكه به‌بێ هه‌ڵسه‌نگاندنێكی بابه‌تیانه و ده‌ستنیشانكردنی لایه‌نه به‌هێزو لاوازه‌كانی هه‌ر شانۆگه‌ریه‌ك ، بزاڤی شانۆیی كوردی ئه‌سته‌مه پێش بكه‌وێت. وه‌ك هه‌مووشمان ده‌زانین هه‌ر ره‌خنه‌یه رێ به شانۆكاران نیشانده‌دات و هه‌ر ره‌خنه‌شه وایان لێده‌كات بزانن له كوێ هه‌ڵه‌یه‌كیان كردووه و له كوێ راستیان كردووه. سێزده‌هه‌م : نه‌بوونی لێكۆڵینه‌وه‌ی مه‌یدانی له‌باره‌ی چێژی بینه‌ر و پێداویستی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی بۆ جۆری ئه‌و شانۆییانه‌ی پێویسته په‌ره‌یان پێ بدرێت. ئه‌مه‌ش واتای بێ پلانی ده‌گه‌یه‌نێت. هه‌ڵبه‌ته هه‌مووشمان چاك ده‌زانین كاری بێ پلان له هه‌موو بوارێكدا سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بهێنێت، ئه‌وا له‌بواری شانۆدا بێ پلانی تێكه‌وتن و ئابڕووچوونی له‌دوایه. شانۆ خۆی بریتیه له زنجیره كردارێكی پلان بۆدانراوی یه‌ك به‌دوای یه‌ك. زۆربه‌ی جار ده‌رهێنه‌رێك له‌جیاتی ئه‌وه‌ی دابنیشێت و له‌گه‌ڵ گروپه‌كه‌ی بیر بكاته‌وه چ به‌رهه‌مێك پێشكه‌ش بكات ، ئه‌وا هه‌ر به‌هه‌وه‌س به‌رهه‌مێك هه‌ڵده‌بژێرێت به‌بێ ئه‌وه‌ی پرس و را به‌كه‌س بكات. ئه‌مه‌ش ئه‌وپه‌ڕی نه‌زانی یه. چوارده‌یه‌م : خراپی هۆڵی شانۆكانمان و ته‌خته‌ی شانۆ له‌رووی پێداویستیه‌كانه‌وه وه‌كو (ته‌كنیكی روناكی ، ده‌نگ ، دیكۆرسازی و هتد). جگه له ناڕێكی و كۆنی و ناخۆشی هۆڵه‌كانی شانۆ له كوردستاندا. هه‌رسێ هۆڵی شانۆیی له هه‌ولێر هێنده په‌ڕپووت و ناخۆشن كه بینه‌ر زۆر زوو لێیان بێزار ده‌بێت و له زستاندا مرۆڤ هه‌ست به‌ساردیه‌كی كوشنده ده‌كات و له هاوینانیشدا ده‌ڵێ ی ناوه‌ندی دۆزه‌خه. جا ئه‌مه‌ش هه‌م زه‌وقی شانۆكاران تێك ده‌دات و هه‌م واده‌كات بینه‌ران به‌درێژایی ماوه‌ی نمایشه‌كان ناره‌حه‌ت بن. وه‌ك هه‌موولایه‌كیش ده‌زانێت بێزاری بینه‌ر كار له وره‌ی شانۆكاران ده‌كات و بێزاری شانۆكارانیش كار له هه‌ست و چێژی بینه‌ران ده‌كات. پازده‌یه‌م : په‌ڕاگه‌نده‌بوونی زۆر شانۆكاری به توانا بۆ هه‌نده‌ران ژماره‌یه‌كی یه‌گجار زۆر له شانۆكاره هه‌ره به‌تواناكانی كورد له‌ئه‌نجامی باری ناهه‌مواری سه‌رده‌می دوای راپه‌ڕین ته‌خته‌ی شانۆكانی كوردستانیان به‌جێ هێشت و به‌ناچاری روویان له هه‌نده‌ران كرد . ئه‌مه‌ش بێگومان زیانێكی زۆر گه‌وره‌ی له بزاڤی شانۆیی كورد دا كه پڕكردنه‌وه‌ی ئاسان نه‌بێت. هه‌ر بۆ نموونه له‌و شانۆكاره دیار‌و به‌رچاوانه‌ی كه تا ئێستاش له هه‌نده‌رانن : شه‌ماڵ ئه‌حمه‌د ره‌شید ، سعدون یونس ، دانا ره‌ئوف ، ئومێد شێخ حوسین ، فرمێسك موسته‌فا ، نیگار حه‌سیب قه‌ره‌داغی ، شه‌ماڵ عومه‌ر ، ئه‌حمه‌د جه‌میل ، قاسم عه‌زیز ، فوئاد جه‌لال ، زوهێر عه‌بدولمه‌سیح ، ته‌لار هیرانی و ده‌یان شانۆكاری تریش . شانزه‌یه‌م : كه‌می ئافره‌تی ئه‌كته‌ری به‌توانا له‌بواری نواندنی شانۆییدا یه‌كێك له‌و كێشه ئاڵۆزانه‌ی شانۆكارانی كورد به‌ده‌ستیه‌وه ده‌ناڵێنن كه‌می كیژه ئه‌كته‌ری به‌توانا و رۆشنبیره . هه‌رچه‌نده ئه‌م كێشه‌یه به‌شێوه‌یه‌كی رێژه‌یی له‌شاری (سلێمانی) له‌چاو هه‌ردوو شاری هه‌ولێر و دهۆك دا باشتره ، به‌ڵام هێشتاش وه‌كو پێویست نی یه . هه‌رچه‌نده‌ش له‌دوای راپه‌ڕین له‌هه‌ردوو شاری هه‌ولێر و دهۆك په‌یمانگای هونه‌ره جوانه‌كان كرانه‌وه و كۆمه‌ڵێك كچ له‌و دووانه ده‌رچوون ، به‌ڵام به حوكمی پێكهاته‌ی خێڵه‌كی ئه‌و دوو شاره تا ئێستا كچ وه‌كو پێویست نه‌وێراون یان رێگه‌نه‌دراون ئاماده‌بوونێكی به‌رچاویان له‌سه‌رشانۆ هه‌بێت. هه‌رئه‌مه‌شه وایكردووه ، ده‌رهێنه‌ره‌كانی ئه‌و دوو شاره به‌ناچاری به‌هه‌ر كچێك رازی ببن كه بێته سه‌رشانۆ هه‌رچه‌نده‌ش بێ‌توانا بوو بن. حه‌ڤده‌هه‌م : گرنگی نه‌دان به منداڵ و شانۆی منداڵان. له وڵاتانی پێشكه‌وتوودا شانۆی منداڵان بایه‌خێكی زۆری پێده‌درێت ، چونكه هه‌ر ئه‌و مناڵانه‌ن كه ده‌بنه نه‌وه‌ی دوارۆژ. جا ئه‌وان ببنه بینه‌ر یان ئه‌كته‌ر و شانۆكار ، ئه‌وان هه‌ر له مناڵی یه‌وه ئه‌و هه‌سته هونه‌ری و شانۆییه‌یان له‌لا په‌روه‌رده‌كراوه. به‌ڵام له‌لای ئێمه شانۆی قه‌تابخانه‌كان تاراده‌یه‌كی زۆر پشتگوێ خراوه . به‌مه‌ش بزاڤی شانۆیی كوردی هه‌م له مناڵانی به‌هره‌مه‌ند بێبه‌ش ده‌بێت و هه‌میش له بینه‌رانی خاوه‌ن چێژ. III - چاره‌سه‌ریه‌كانی قه‌یرانی بزاڤی شانۆیی كوردی: دوای ئه‌وه‌ی كه به‌كورتی هه‌موو هۆكاره‌كانی په‌یدابوونی قه‌یرامان له بزاڤی شانۆیی كوردی ده‌ستنیشان كرد و به‌وردی شیكرده‌وه، به پێویستی ده‌زانم كه چاره‌سه‌ریه‌كانی ئه‌و قه‌یرانه‌ش بخه‌مه روو . چونكه چاره‌سه‌ركردنی هیچ كێشه‌یه‌ك ته‌نها به ده‌ستنیشانكردنی هۆكاره‌كان نابێت ، به‌ڵكو گرنگتر له‌مه‌یان ئه‌وه‌یه چۆن چاره‌سه‌ریان بكه‌ین؟ به‌بڕوای من و زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی كه گفتوگۆم له‌گه‌ڵ كردوون چ له‌ناو كۆلیژی هونه‌ره جوانه‌كانی هه‌ولێر و چ شانۆكارانی ده‌ره‌وه‌ی كۆلیژ و چ قوتابی و خوێندكاران و ده‌رچووانی په‌یمانگای هونه‌ره جوانه‌كانی هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆك و موسڵ ، هه‌رهه‌موومان له‌سه‌ر ئه‌وه كۆكین كه به بێ چاره‌سه‌ریكردنی هه‌موو لایه‌نه‌كانی شانۆ ، بزاڤی شانۆیی كوردی هه‌ر له قه‌یراندا ده‌مینێته‌وه. من پێم وایه له رێگای ئه‌م چاره‌سه‌ریانه‌ی خواره‌وه ده‌كرێت موژده‌ی هه‌ڵسانه‌وه‌ی بزاڤی شانۆیی كورد به خه‌ڵك رابگه‌یه‌نین. چاره‌سه‌ریه‌كانیش له‌م لایه‌نانه‌وه خۆیان به‌رجه‌سته ده‌كه‌ن: یه‌كه‌م : دروستكردنی پێشبڕكێ ی باشترین ده‌قی خۆماڵی . له‌سه‌ر وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كانی تر پێویسته گرنگیه‌كی زۆر به نووسینی ده‌قی خۆماڵی بده‌ن و پێشبڕكێ و خه‌ڵاتی تایبه‌تی بۆ ده‌قه نایابه‌كان ته‌رخان بكرێت . جگه له‌مه‌ش له‌كاتی خه‌مڵاندنی بودجه‌ی زۆربه‌ی به‌رهه‌مه شانۆییه‌كان ، ده‌بینین كه ئه‌و پاداشته‌ی بۆ نووسه‌ر دانراوه ، ده‌یه‌كی ئه‌و پاداشته نابێت كه بۆ ده‌رهێنه‌ر دانراوه . ئه‌مه‌ش هه‌ڵه‌یه‌كی زۆر زه‌قه چونكه نووسه‌ر یه‌كه‌مین هۆكاره بۆ سه‌ركه‌وتنی هه‌ر شانۆگه‌ریه‌ك . به‌كه‌م ته‌ماشاكردنی ماف و تواناكانی نووسه‌ر ده‌بێته هۆی به‌رهه‌م هێنانی ده‌قی سه‌قه‌تی هه‌رزان كه له‌ئه‌نجامدا شانۆگه‌ریه‌كه هه‌رگیز سه‌ركه‌وتوو نابێت . كێشه‌یه‌كی تر ئه‌وه‌یه كه زۆرجار نووسه‌ر یان وه‌رگێڕی ده‌قێك هه‌ر پرسیشیان پێ ناكرێت كاتێك ده‌رهێنه‌رێك ره‌نجی ئه‌وان ده‌دزێت و به‌رهه‌می ماندووبوونی ئه‌وان ده‌خاته سه‌رشانۆ . به‌م جۆره‌ش هه‌م مافی مه‌عنه‌وی و هه‌م مافی مادی نووسه‌ر یان وه‌گێڕه‌كه ده‌خوات . له‌سه‌ر وه‌زاره‌ت و به‌رێوه‌به‌رایه‌تی شانۆكان پێویسته به‌بێ ره‌زامه‌ندی به‌نووسینی نووسه‌ر یان وه‌رگێری شانۆییه‌كه به هیچ جۆرێك رێگا به‌و شانۆییانه نه‌ده‌ن ده‌ربهێنرێن . هه‌روه‌ها پێویسته گرنگیه‌كی زۆریش به ده‌قی كۆمیدی و شانۆی كۆمه‌ڵایه‌تی چاك بدرێت چونكه بزاڤی شانۆیی كوردی له‌م دوو لایه‌نه‌وه به‌ته‌واوی هه‌ژاره. دووه‌م : دروستكردنی پێشبڕكێ ی باشترین به‌رهه‌می ده‌رهێنراو له نێوان هونه‌رمه‌ندان و تیپه شانۆییه‌كاندا. ئه‌گه‌ر وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كانی تر به‌دواداچوونیان هه‌بێت بۆ به‌رهه‌مه ده‌رهێنراوه‌كان ، گومان له‌وه‌دا نییه كه چ هونه‌رمه‌ندان و چ تیپه‌كان هه‌ر بۆ ساغكردنه‌وه‌ی ئه‌و پارانه‌ی وه‌ریانده‌گرن شتی بێ سه‌روبه‌ر پێشكه‌ش ناكه‌ن ، به‌ڵكو به خۆیان داده‌چنه‌وه و ئه‌مه‌ش وا ده‌كات پێشبڕكێ بكه‌وێته نێوان تیپه‌كان و هونه‌رمه‌نده‌كان . به‌مه‌ش بزاڤی شانۆیی كوردی پێش ده‌كه‌وێت. وێرای ئه‌وه‌ش وه‌زاره‌ت پێویسته خه‌ڵاتی باشترین ده‌رهێنه‌ر و باشترین ئه‌كته‌ر ساڵانه له فیستیڤاڵێكی گه‌وره‌دا ببه‌خشێت . سێیه‌م : گرنگیدان به شانۆی منداڵان و تیپی شانۆیی خوێندنگاكان. هه‌ڵبه‌ته ، منداڵ ئاینده‌ی هه‌موو وڵاتێكه. ئه‌وه‌ی بیه‌وێت ئاینده‌یه‌كی روون بۆ خۆی و میلله‌ته‌كه‌ی دابین بكات پێویسته له مناڵه‌وه ده‌ست پێ بكات. جا بۆیه په‌روه‌رده‌كردنی منداڵان به كه‌شوبای شانۆگه‌ری و راهێنانیان له‌سه‌ر چوونه شانۆ له دوارۆژدا ده‌بێته خویه‌كی چاك و به‌مه‌ش هه‌م له قه‌یرانی نه‌بوونی بینه‌ری چاك و هه‌م له قه‌یرانی نه‌بوونی ئه‌كته‌ری چاك رزگار ده‌بین. چواره‌م : ده‌ركردنی بڵاوكراوه‌ی ئاستبه‌رزی شانۆیی كه ده‌ق و ره‌خنه و لێكۆڵینه‌وه‌ی قووڵ و نوێ له‌خۆوه بگرێت. به‌بێ خوێندنه‌وه و خۆرۆشنبیركردنی شانۆكاران هه‌رگیز شانۆ پێش ناكه‌وێت ، چونكه شانۆكار له شوێنی خۆی ده‌چه‌قێت و نوێبوونه‌وه به‌خۆوه نابینێت. هه‌روه‌ها به‌بێ ره‌خنه و هه‌ڵسه‌نگاندنی به‌رهه‌می شانۆیی ، شانۆكار پێ ی وایه هه‌رچی پێشكه‌شی كردووه ئه‌وپه‌ڕی چاك و بێ كه‌موكورتیه. بۆیه له‌سه‌ر هه‌موو لایه‌ك پێویسته تێبینی و سه‌رنج و ره‌خنه‌كانیان بڵاوبكه‌نه‌وه تا له‌كاری داهاتوودا سوودیان لێ ببینرێت. به‌بێ ده‌قی وه‌رگێڕدراویش ، شانۆكاران تووشی چه‌قبه‌ستوویی و مه‌نگی هزری ده‌بن ، بۆیه زۆر پێویسته ناوبه‌ناو ده‌قه وه‌رگێڕراوه‌كان بخرێنه به‌رده‌ست و كاریان له‌سه‌ر بكرێت تا مێشك و چاوی شانۆكاران به شتی نوێ زاخاو بدرێنه‌وه. پێنجه‌م : كردنه‌وه‌ی خوول و وێركشۆپ بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی هونه‌ری و هزری شانۆكارانی كوردستان . له‌سه‌ر وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كانی تر پێویسته ساڵانه به‌لای كه‌مه‌وه دوو خول و وێركشۆپێك بۆ شانۆكاران بكه‌نه‌وه تا له‌وێوه فێری (هونه‌ره‌كانی نواندن ، هونه‌ره‌كانی نووسینی ده‌قی شانۆیی ، شێوازی نووسینی زمانی شانۆیی ، شێوازه‌كانی ده‌رهێنان ، هونه‌ری نووسینی ره‌خنه‌ی شانۆیی ، شێوازه‌كانی به‌كارهێنانی ته‌كنیه‌كانی روناكی و ده‌نگ له‌سه‌ر شانۆ ، چۆنیه‌تی دیكۆرسازی و دیمه‌نسازی / سینۆگرافیای شانۆیی ، جوانی ئێكسسوار و جل‌و به‌رگی شانۆیی و ئارایشتكاری و چۆنیه‌تی كار له سایكۆلۆژیه‌تی بینه‌ركردن و هتد ) ببن. شه‌شه‌م : دروستكردنی پردی رۆشنبیری نێوان شانۆكارانی ئێره و هه‌نده‌ران . زۆر گرنگه بۆ شانۆكارانی كورد په‌یوه‌ندی هونه‌ری و رۆشنبیریان له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی ده‌ره‌وه هه‌بێت تاوه‌كو پرۆسه‌ی ئاڵوگۆڕی رۆشنبیری روو بدات و ناوه ناوه‌ش چه‌ند كه‌سێكیان لێ ره‌وانه‌ی ده‌ره‌وه بكرێن بۆ ئه‌وه‌ی بچن ته‌ماشای شانۆ و شانۆگه‌ری هه‌نده‌ران بكه‌ن. به‌قه‌د ئه‌وه‌ی مێشك پێویستی به رۆشنبیركردن هه‌یه ، چاو دوو هێنده‌و زیاتریش پێویستی به‌وه هه‌یه زاخاو بدرێته‌وه به ته‌كنیك و دیكۆر و به‌رهه‌م و دیمه‌ن و بابه‌تی جیا جیا. ئه‌مه‌ش له كۆتاییدا ده‌بێته هۆی كه‌ڵه‌كه‌بوونی رۆشنبیریه‌كی شانۆیی به‌رز و هاوچه‌رخ كه زۆرر له‌گوینه له به‌رهه‌مه‌كانی داهاتووی ئه‌و شانۆكاره ره‌نگ بداته‌وه. حه‌وته‌م : چڕكردنه‌وه‌ی هه‌موو توانا هونه‌ریه‌كانی شانۆكاران له چوار تیپ یان گروپی شانۆیی له هه‌ر شارێكدا. هه‌رگیز په‌رش و بڵاوی له به‌رژه‌وه‌ندی كه‌سدا نییه و شانۆ خۆی كارێكی به كۆمه‌ڵه. ئه‌و په‌رش و بڵاوی و ململانێیه ناڕه‌وا و ناڕێكه‌ی ئیمڕۆ له نێوان شانۆكاراندا هه‌یه ، زۆر به ده‌گمه‌ن شتی چاكی لێده‌كه‌وێته‌وه چونكه تیپ و گروپ هه‌یه دانی خێر به‌وانی تردا نانێت كه ئه‌مه‌ش خۆی له‌خۆیدا كێبڕكێیه‌كی ته‌ندروست نییه. له شارێكدا ته‌نها بایی چوار تیپ یان گروپی باش شانۆكاری چاك هه‌ن ، كه‌س نازانێت بۆچ شانۆكارانی كورد حه‌ز له‌م په‌رش و بڵاوییه ده‌كه‌ن؟! هه‌شته‌م : دروستكردنی شانۆی گه‌ڕۆك. زۆر شوێن هه‌ن له‌م كوردستانه‌ی خۆماندا هێشتا بزاڤی شانۆیی تیایدا سه‌ری هه‌ڵنه‌داوه . جا بۆ په‌روه‌رده‌كردنی چێژی خه‌ڵكه‌كه و بێبه‌ش نه‌كردنیان له شانۆگه‌ری زۆر پێویسته وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كانی تر بیر له دامه‌زراندنی شانۆی گه‌ڕۆك بكه‌نه‌وه. ئه‌مش سه‌ره‌نجام ده‌بێته هۆی ناوكێك بۆ دامه‌زراندنی شانۆی به‌رده‌وام له‌و ناوچانه‌دا. نۆیه‌م : سازدانی فیستیڤاڵی شانۆیی ساڵانه له‌سه‌رجه‌م شاره‌كانی كوردستاندا. هه‌ڵبه‌ته وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كانی تر ساڵانه پاره‌یه‌كی زۆر له ڤیستیڤاڵ و چالاكی جۆراوجۆری تری خه‌رج ده‌كه‌ن . ئه‌و پاره‌یه‌ی بۆ چالاكیه‌كانی تر خه‌رج ده‌كرین سوود و قازانجێكی ساته‌وه‌ختیان هه‌یه ، به‌ڵام پاره‌ی فیستیڤاڵی شانۆیی سوودو قازانجه‌كه‌ی به‌رده‌وام ده‌بێت چونكه له دوارۆژدا ده‌كرێت شانۆی كه‌رتی تایبه‌تی لێ بكه‌وێته‌وه. ده‌یه‌م : سازدانی كۆڕ و دیداری شانۆیی مانگانه. كۆڕ و سیمینار له‌سه‌ر هه‌ر به‌رهه‌مێكی شانۆیی یان هه‌ر بابه‌تێكی شانۆیی سێ قازانجی هه‌یه . یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه لایه‌نه چاك و خراپه‌كانی به‌رهه‌مه‌كه بۆ هه‌موو لایه‌ك ده‌رده‌خات و دووه‌میشیان ئه‌وه‌یه كه هه‌م ده‌رهێنه‌ر و هه‌م ئه‌كته‌ر و هه‌م كه‌سه هونه‌ریه‌كانی تری ناو شانۆ روشنبیرتر ده‌بن. سێیه‌میانیش ئه‌وه‌یه یارمه‌تی بینه‌ران ده‌دات كه باشتر له شانۆییه ده‌رهێنراوه‌كه بگه‌ن. یازده‌یه‌م: سه‌پاندنی نه‌ریتی پلیت كڕین بۆ بینینی شانۆیی. گومانی تێدا نیه كه شانۆگه‌ریش له جیهانی رۆژئاوادا كاڵایه‌كه وه‌كو هه‌ر كاڵایه‌كی تر كڕین و فرۆشتنی له‌سه‌ره. هه‌موو به‌رهه‌مێكی شانۆییش پاره‌یه‌كی زۆری تێدا خه‌رج ده‌كرێت ، بۆیه هیچ مه‌عقوول نییه به‌رهه‌م و ره‌نجی شانۆكاران ئاوا به بێ به‌رامبه‌ر پێشكه‌ش بكرێت و پێویسته پلیته‌كان به‌نرخێكی ره‌مزی بفرۆشرێن و داشكاندنێكی باشیش بۆ قوتابیان و مێردمنداڵان بكرێت تاوه‌كو هان بدرێن بچنه شانۆگه‌ریه‌كانه‌وه. ده‌سكه‌وتی پلیته‌كه‌ش پێویسته به‌سه‌ر شانۆكاره‌كاندا ، هه‌ركه‌سه به‌گوێره‌ی چاكی و خراپی رۆڵه‌كه‌ی ، دابه‌ش بكرێت. ئه‌مه‌ش له ئه‌نجامدا ده‌بێته هۆی زیاتر پێشبڕكی چ له نیوان شانۆكاران و دروستبوونی بودجه‌ی سه‌ربه‌خۆی تیپه‌كان و خۆ گرێنه‌دانیان به ده‌سه‌ڵات و حیزبه‌كانه‌وه به شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ. دوازده‌هه‌م : رێنه‌دان به نیشاندانی شانۆگه‌ریه‌كان له كه‌ناڵه ته‌له‌فزیۆنیه‌كان تا دوای شه‌ش مانگ له ده‌رهێنانی به‌رهه‌مه‌كه. ئه‌گه‌ر شانۆییه‌ك به‌هێز و كاریگه‌ر بێت داواكاری خه‌ڵكی له‌سه‌ر زۆر ده‌بێت و ئه‌گه‌ر له كه‌ناڵه ته‌له‌فزیۆنیه‌كان پیشان نه‌درا خه‌ڵك ناچاره وه‌ك هه‌ر كاڵایه‌كی تر پاره‌ی پێ بدات و پلیت ببڕێت و بچێته هۆڵه‌كانی شانۆوه. ئه‌مه‌ش له ئه‌نجامدا ده‌بێته هۆی زیادكردنی بودجه‌ی تیپه‌كان و زێتر سه‌ربه‌خۆیی شانۆكاران. سیازده‌هه‌م : ئاشتكردنه‌وه‌ی شانۆكاران له نێوان خۆیان و دروستكردنه‌وه‌ی خۆشه‌ویستی له نێوانیاندا. وه‌ك له‌كه‌سمان شاراوه نییه، شانۆكاران هه‌ر له‌دوای راپه‌ڕینه‌وه به‌هۆی دابه‌شبوون به‌سه‌ر چه‌ند گروپ و تاقمێكی جیاوازه‌وه و تا ئێستاش هه‌ر خه‌ریكی ده‌سته و ده‌سته‌كاری و ناوچه‌گه‌ری و شارشارێن و حزب حزبانێیه‌تین . ئه‌مه‌ش له په‌یامی راسته‌قینه‌ی خۆیانیانی دوور خستوونه‌ته‌وه و وای لێكردوون ئه‌وه‌نده‌ی بیر له‌یه‌كتر ده‌كه‌نه‌وه نیو هێنده بیر له پێشخستن و خۆرۆشنبیركردن نه‌كه‌نه‌وه. جاری وا بووه شانۆكارانی سه‌ربه‌ده‌سته‌ی نه‌یار كاری زۆر چاكیان پێشكه‌ش كردووه ، به‌ڵام چونكه له تاقمه‌كه‌ی یان شاره‌كه‌ی یان حیزبه‌كه‌ی ئه‌وان نه‌بوون ، ئه‌وا نه‌ك هه‌ر نه‌چوونه‌ته بینینی ئه‌و شانۆییانه ، به‌ڵكو لێنه‌گه‌ڕاون ئه‌ندامانی گروپه‌كه‌شیان سه‌ر به‌و شانۆیه‌دا بكات و له‌ده‌ره‌وه‌ش گه‌لێك پڕوپاگه‌نده‌ی خراپیان بۆی كردووه و بینه‌ری شانۆیی بێئاگاشیان وا لێكردووه نه‌چنه هۆڵه‌كانی شانۆوه. به‌ڵام ئه‌م جۆره هه‌ڵسوكه‌وتانه به‌خراپ بۆ هه‌موولایه‌ك ده‌شكێته‌وه چونكه تۆراندنی بینه‌ر له شانۆ واته كۆتایی هێنان به پیشه و هونه‌ره‌كه‌ی خۆشیان. چوارده‌یه‌م : دروستكردنی چه‌ندین هۆڵی شانۆی هاوچه‌رخ . نه‌بوونی هۆڵی شانۆیی هاوچه‌رخ كۆسپێكی یه‌گجار مه‌زنه له‌به‌رده‌م پێشكه‌وتنی بزاڤی شانۆیی له كوردستاندا. دووری و نزیكی هۆڵه‌كان له سه‌نته‌ری شاره‌وه ، گه‌رمی و ساردی و روناكی و تاریكی و خاوێنی و پیسی و جوانی و ناشیرینی و كپی و پڕ ده‌نگی هۆڵه‌كانی نه‌ك ته‌نیا كار له كه‌م و زۆری هاتن و نه‌هاتنی بینه‌ر ده‌كه‌ن ، به‌ڵكو بگره كار له ئاستی پێشكه‌شكردنی شانۆییه‌كانیش ده‌كه‌ن. به‌راستی هه‌ر هه‌موو ئه‌و هۆڵانه‌ی له‌كوردستاندا هه‌ن نزمترین راده‌ی پێداویستیه‌كانیان تێدا نیه بۆ پێشكه‌شكردنی شانۆی سه‌ركه‌وتوو و حه‌سانه‌وه‌ی بینه‌ران. هه‌ربۆیه‌ش یه‌كه‌مین ئه‌ركی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری ئه‌وه‌یه كه كۆمه‌ڵێك هۆڵی شانۆیی هاوچه‌رخ دروست بكات له‌سه‌ر شێوازی هۆڵه شانۆییه جیهانیه‌كان. IV - ئه‌نجام: دوای لێكۆڵینه‌وه له نیشانه و هۆكاره‌كانی قه‌یرانی بزاڤی شانۆیی كوردی و پێشكه‌شكردنی سه‌رجه‌م چاره‌سه‌ریه‌كان ، ده‌گه‌ینه ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه ئه‌گه‌ر ده‌ستوبرد له چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشه و ئارێشه‌یه نه‌كرێت ، ئه‌وا بزاڤی شانۆیی كوردی به‌ره‌و هه‌ڵدێر ده‌چێت. میلله‌تی بێ شانۆش میلله‌تێكی ناشارستانه . بۆیه له‌سه‌ر هه‌موو لایه‌ك پێویسته چ ده‌سه‌ڵاتداران و چ شانۆكاران خۆیان بیرێكی دڵسۆزانه له چاره‌نووسی شانۆ بكه‌نه‌وه چونكه ئه‌گه‌ر ئێمه به‌ته‌مای ئه‌وه‌ین وه‌كو میلله‌ت له‌سه‌ر ئاستی دونیا لێمان بڕوانرێت ، پێویسته له‌و هونه‌ره مه‌زنه خۆمان بێبه‌ش نه‌كه‌ین و شانۆكانیشمان به‌ده‌ردی سینه‌ماكانی شاره‌كانی كوردستان تێك نه‌ده‌ین. |
|
+ نوسراوه له لایه‌ن
له‌رِانيه |
|
|
لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌كی په‌یوه‌ندی ئه‌رشیف |
| ده‌رباره‌ی ماڵپه‌ڕ |
به‌خێربێن بۆماڵپه‌ڕى شارى رانیه
رانیه یه‌کێکه له‌شاره‌کانى باشورى کوردستان ، وه‌ک پله‌ى ئیدارى قه‌زایه له‌سنورى پارێزگاى سلێمانى وه‌چه‌ند ناحیه‌یه‌کى به‌سه‌ره‌وه‌یه ( سه‌رکه‌پکان ، بێتواته ، حاجیاوا، چوارقورنه) مه‌رکه‌زى ناوچه‌ى بیتوێن و ده‌ڤه‌رى راپه‌رینه، رانیه وه‌کو ناوچه مێژوویه‌کى دێرینى هه‌یه وپاشماوه ئه‌سه‌ریه‌کانى راستى ئه‌مه ده‌سه‌لمێنىَ که‌خۆیان له‌قه‌ڵاى رانیه وگردىشمشاره‌و باسموسیان وگرده دێمه وکامه‌م و وکامه‌ریان وگردى بۆسکێن و چه‌ندشوێنێکى دیکه. وه‌کو شاریش مێژووى به‌قه‌زابوونى ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆسه‌رده‌مى عوسمانیه‌کان 1789 که‌یه‌که‌م قائیمقامى بۆدانراوه ، له‌رووى هه‌ڵکه‌وته‌ى جوگرافیه‌وه ده‌که‌وێته باکورى خۆرهه‌ڵاتى پارێزگاى سلێمانى یه‌وه ونزیکه‌ى (130) کم له‌م پارێزگایه‌وه دووره، ئه‌م شاره خاوه‌ن سروشتێکى دڵ ڕفێنه وشوێنێکى له‌بارى هه‌یه بۆهاوینه هه‌وارو سه‌یرانگا له‌که‌نار ئاوه‌جوانه‌که‌ى ده‌ربه‌ندى رانیه‌وه یان ده‌وروبه‌رى سه‌رچاوه‌ى ڕه‌شه‌مێرگ و لاى گرده‌دێمه .هه‌روه‌ها سه‌یرانگاى بێتواته‌و گونده‌کانى ناوچه‌ى دۆڵى شاورىَ وئاکۆیه‌تى ، سروشتى پاک وجوانى ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ن . رانیه به‌شاخه‌کانى ( کێوه‌ڕه‌ش و حاجیله‌و ئاسۆس ) ده‌وره دراوه، له‌رووى کشتوکاڵیه‌وه ده‌شتى رانیه به‌ناوبانگه‌و جێگه‌ى ره‌نێوهێنانى له‌باره‌و خاکه‌که‌ى به‌پیت و به‌ره‌که‌ته ، گه‌ره‌که‌ه‌کانى رانیه بریتین له( قه‌ڵاـ ، ره‌شه‌مێرگ ، گڵینجان ، سه‌را، رزگارى ،راپه‌رین ، ئازادى یه‌ک ، ئازادى دوو ، کێوه‌ڕه‌ش ، قووله ، فه‌رمانبه‌ران ،خانزاد، نه‌ورۆز) رۆڵى ئه‌مشاره له‌بزاڤى شۆڕشگێرى خه‌ڵکى کوردستاندا دیاره هه‌رله‌سه‌رده‌مى شه‌رى دژ به‌ئینگلیز وسه‌رده‌مى حکومه‌تى مه‌لیک مه‌حمود و شۆرشى ئه‌یلول وشۆرشى نوىَى گه‌له‌که‌مان به‌رابه‌رایه‌تى یه‌کێتى نیشتیمانى کوردستان ، که‌دیارترینیان راپه‌رینى 1991 که‌له‌م شاره‌وه له 1991/3/5 کڵپه‌ى سه‌ندو نازناوى ( ده‌روازه‌ى راپه‌رین )ى بۆخۆى مسۆگه‌رکرد، ژماره‌ى دانیشتوانى رانیه زیاتر له حه‌فتا هه‌زار که‌س و نزیکه‌ى یانزه هه‌زار خێزان وه‌هه‌روه‌ها یه‌که‌م بڵاوکراوه له‌ساڵى 1942 به‌ناوى بڵێسه ده‌رچووه له‌رانیه. |
| نوسه‌ره‌كان |
|
رِانيه سابیر |
|
RSS
|