![]() |
![]() |
|
ئیرتیجال و فۆڕمی نمایش (هه‌ربه‌ده‌م ئه‌و وه‌نه‌وه‌زه‌وه گیانم ده‌رچوو) وه‌ك نمونهكامهران سوبحان ( هه‌ربه‌ده‌م ئه‌و وه‌نه‌وزه‌وه گیانم ده‌رچوو) ناوی ئه‌و شانۆییه‌بووكه له‌یه‌كه‌م ڤیستیڤاڵی سلێمانی بۆهونه‌ری شانۆ نمایشكرا،ئه‌وه‌ی هانده‌ری سه‌ره‌كیمان بوو بۆنوسینی ئه‌م چه‌ند په‌ره‌گرافه له‌سه‌ر ئه‌م نمایشه ئه‌وه‌یه كه‌ئه‌م شانۆییه له‌یه‌كه‌م چركه‌ی بینینه‌وه له‌ناو ئه‌و فۆڕمه گشتیه‌ی شانۆی ئێمه‌دا جێگه‌ی ده‌بێته‌وه كه ساڵانێكه بوه‌ته ڕیتمێكی باوی بزوتنه‌وه‌ی شانۆیی، بۆیه له‌به‌رامبه‌ر بینینی ئه‌م نمایشه بۆخولقاندی پرسیارێكی جدی و دیالۆكێكی كراوه‌و هونه‌رییانه پێویستمان به‌چه‌ند سه‌رنجێك ده‌بێت به‌تایبه‌تی ئه‌و كۆمه‌ڵه گه‌نجه‌ی كه ئێستا به‌و فۆڕمه ئیش ده‌كه‌ن هه‌رخۆیان بن و نه‌كه‌ونه ژێركاریگه‌ری هه‌مان ئه‌زمونی هاوشێوه‌یان،به‌جۆرێك ئێمه پێویستمان به قوڵكردنه‌وه‌ی جیاوازیه‌كانی ئیشكردنمان هه‌یه نه‌ك لێكچون و یه‌كتر دوباره‌كردنه‌وه... (هه‌ربه‌ده‌م ئه‌و وه‌نه‌وه‌زه‌وه گیانم ده‌رچوو) له‌ده‌رهێنانی (تواناغه‌نی ) و نواندنی (كاروان چێوارو كارۆساماڵ و كۆچه‌ر ڕئوف) بوو. ده‌ق له‌م نمایشه‌دا نائاماده‌بوو ،به‌و پێیه‌ی له ده‌لیلی شانۆییه‌كه‌دا نوسراوه ده‌ق به‌شداران،ئه‌مه خۆی له‌خۆیدا بێ ئه‌همیه‌تكردنی ده‌قه،كه‌بێگومان ده‌ق یه‌كێكه له‌بنه‌ما سه‌ره‌كیه‌كانی كاری شانۆیی ،مایرهۆڵد ده‌ڵێت "هیچ شانۆییه‌كی مه‌زن به‌بێ ده‌قێكی مه‌زن له‌دایك نابێت!!" ئیدی نازانم چۆن ئه‌م به‌شدارانه كه هه‌مویان به‌شی شانۆیان ته‌واوكردوه ده‌قیان نوسیوه؟؟ چونكه بێگومان ئاستی ڕۆشنبیری وهۆشیاریان زۆرله‌یه‌كتر جودایه ،كه‌واته ده‌قێكی لاواز‌و بێ ڕه‌هه‌ند دروست ده‌بێت،له‌به‌رئه‌وه‌ی خولقاندنی دیالۆگ و ده‌ستنیشانكردنی كاره‌كته‌رو كه‌شی گشتی ململانێكان له‌ده‌قێكی شانۆییدا هه‌روا به‌سانایی به‌رهه‌م نایه‌ت ،له‌به‌ر ئه‌م جیاوازیانه‌ش بێگومان بابه‌تی ده‌قێكی وا هه‌رده‌م لاواز‌و بێ قوڵایی ده‌بێت ،بابه‌تی چیرۆكی نمایشیش یه‌كێكه له‌بابه‌ته باوه‌كانی ئه‌مڕۆی نێوه‌ندی ڕۆشنبیری باوی كوردی ،له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا توانای نواندن و ئاستی هێزی خولقاندن لای ئه‌كته‌ره‌كانی نمایش شێوازێكی تاڕاده‌یه‌ك تایبه‌تمه‌ندانه‌بوو، له‌به‌ر ئه‌وه گه‌ر جۆرێك له ڕێكخستنی بابه‌ت هه‌بایه له‌م نمایشه ئه‌وا به‌دڵنیاییه‌وه نمایشێكی سه‌رنج ڕاكێش ده‌رده‌چوو، ده‌شی توانی به‌سه‌ر به‌شێكی زۆر له‌و گرفتانه‌دا زاڵ بێت كه له‌نمایشدا هه‌بوو. به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌پێویسته شانۆ به‌شداربێت له‌هه‌مو پرۆسه ئه‌خلاقی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی كۆمه‌ڵگه ،به‌ڵام ناكرێت زمان و بابه‌ت بگاته ئه‌و ئاسته لاوازه‌ی كه له ژیانی ڕۆژانه‌دا ئاخافتنی پێده‌كرێت،چونكه تاكه شتێك زمانی شانۆی پێ جیاده‌كرێته‌وه له‌و زمانه باوه‌ی ئاخافتن توانست و پێكهاته‌ی گفت‌و گۆی ئه‌و زمانه‌یه له كاتی وتندا، جگه له‌كرانه‌وه‌و شه‌فافیه‌تی دیالۆگ، كه ڕه‌هه‌ندێكی به‌هێزی كاری هونه‌رییه.. سه‌رنجێكی تریش ده‌رهێنه‌ر هاتوه فه‌زایه‌كی كراوه‌ی بێ دیكۆری بێ موفره‌ده‌ی دروستكردوه،بێگومان ئه‌م فه‌زا خاڵیه به پله‌ی یه‌كه‌م قورسایی ده‌خاته سه‌ر تواناكانی گوزارشتی ئه‌كته‌ر، چ به جوڵه،چ به هۆكاره‌كانی تری گوزارشت، گه‌ربێت و ئه‌كته‌ر ئه‌و توانسته باڵایه‌ی نه‌بێت ئه‌وابه‌دڵنیاییه‌وه له‌و فه‌زایه‌دا ون ده‌بێت، هه‌روه‌ك بینیشمان ئه‌كته‌ره‌كان توانایه‌كی له ڕاده‌به‌ده‌ریان وه‌گه‌ڕ خست بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن هه‌یمه‌نه‌ی ته‌خته‌ی شانۆ بكه‌ن و خۆیان له‌و بۆشاییه‌دا ون نه‌بن.. لایه‌نێكی تریش هه‌ڵبژاردنی بابه‌ته بۆنمایشێكی شانۆیی له ڤیستیڤاڵێكدا، دیاره نمایشی شانۆی له ڤیستیڤاڵ و ده‌ره‌وه‌ی ڤیستیڤاڵ جیاوازه ، چونكه له‌ڤیستیڤاڵدا كۆمه‌ڵێك خه‌ڵكی جۆراوجۆرتر ڕوده‌كه‌نه نمایش و هۆڵه‌كان ، بۆیه ته‌رحكردنی ئه‌م بابه‌ته هه‌مه جۆر‌و فره لایه‌نانه نه‌یده‌توانی هێڵه‌جیاوازه‌كانی نمایش بهێنێته‌وه بۆناوبینه‌ر، ئه‌مه جگه‌له‌وه‌ی نمایش بوبویه ڕیتمێكی گاڵته ئامێز نه‌ك كۆمیدی، چونكه كۆمیدیا هونه‌رێكی مه‌زنه‌و بنه‌ماو ڕێسای خۆی هه‌یه ، به‌ڵام له‌كاتی نمایشدا ساتی واهه‌بوو ئه‌كته‌ره‌كان ده‌وه‌ستان بۆئه‌وه‌ی پێكه‌نین و گاڵته‌ی بینه‌رته‌واوبێت ئه‌وسا حیواره‌كه‌یان بڵێن، ئه‌مه هه‌ڵه‌یه‌كی زۆركوشنده‌یه كه له‌نمایشێكدا دروست بێت.. به‌ده‌رله‌مانه‌ش له‌م نمایشه‌و هه‌ندێ نمایشی تری ڤیستیڤاڵدا هه‌ستمان به‌نائاماده‌یی ده‌سه‌ڵاتی ده‌رهێنه‌رده‌كرد، ڕه‌نگه هۆكاری نائاماده‌ییش بۆ ئه‌و فۆڕمه نواندن وئه‌و شێوازه‌بێت كه‌ئه‌و ئه‌كته‌رانه له‌سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ له‌كاتی نواندندا كاری له‌سه‌رده‌كه‌ن.. ئایا نه‌بونی ده‌سه‌ڵاتی ده‌رهێنه‌ر بۆچی ده‌گه‌ڕێته‌وه؟؟ بێگومان به‌پله‌ی یه‌كه‌م بۆنادیاری و ناڕۆشنی گوتاری ده‌رهێنه‌ر له‌نمایشێكداده‌گه‌ڕێته‌وه كه‌ئه‌ویش له‌وه‌دا ده‌بینرێت نازانێت چی ده‌ڵێت ؟ داوای چی ده‌كات ؟ ده‌یه‌وێت چی بگه‌یه‌نێت؟ ئه‌م حاڵه‌تانه‌ش شتانی مه‌لموس و هه‌ست پێكراونین ئێمه بتوانێت وه‌ك ده‌قێك بیانخه‌ینه ڕوو، هێنده‌ی ئه‌وه‌ی ئاماژه‌ی نمایشه‌و هه‌ستی پێده‌كرێت.. گه‌ر ده‌رهێنه‌ر بیتوانیایه گوزارشتێكی ڕاسته‌قینانه‌تری بكردایه ئه‌وا من پێم وایه ئه‌یتوانی ئیشكردنه‌كانی خۆی له‌گه‌ڵ ئه‌كته‌رو ڕه‌گه‌زه‌كانی به فۆڕمێكی جیاوازتر به‌رهه‌م بهێنایه‌ته‌وه، چونكه توانستی ده‌رهێنه‌ر له كاتی وێناكردنی جوڵه به‌جوڵه‌ی شانۆییه‌كه‌و ئه‌و دیمه‌نانه به‌رهه‌م دێت كه له ئه‌نجامی ته‌ماسی ئه‌و ئه‌كته‌رو ڕه‌گه‌زه‌كانی تر دێته به‌رهه‌م، هه‌رجۆره ته‌ماسێكی تر له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م په‌یوه‌ندیه جۆرێكه له شڵه‌ژان دروست ده‌كات، كه‌واده‌كات جۆرێك له ناڕونی لای ده‌رهێنه‌ر دروست بێت، له‌م حاڵه‌ته‌شدا به‌ته‌نها ئه‌كته‌ری باش وخاوه‌ن ئه‌زمون ناتوانن جڵه‌وی نمایشێك ڕابگرن، گه‌ر وابوایه ئه‌و ئه‌كته‌ره‌ی ده‌یه‌وێت به بێ ده‌رهێنه‌ر نمایشێك پێشكه‌شبكات ،ده‌بوایه نمایشه‌كه‌ی به‌شێك له زیهنی ئێمه‌ی داگیربكردایه، هه‌رچه‌نده ئه‌و خۆی وه‌ك ئه‌كته‌ر توانستێكی باشی هه‌یه، به‌ڵام به‌رده‌وام نائاماده‌یی سێبه‌ری ده‌رهێنه‌ر له‌نمایشه‌كاندا واده‌كات ئه‌كته‌ر جۆرێك له سه‌ربه‌خۆیی وه‌رگرێت و ئه‌كته‌ری بێ چاودێریش نمایشێكی ناڕێكخراو به‌رهه‌م دێنێت.. ڕه‌نگه ئه‌م باس و خواسته گه‌رمو گوڕترین ئه‌و باسانه‌بێت كه به‌درێژایی ڕۆژانی ڤیستیڤاڵ و نمایشه‌كان بۆچونی جیاواز‌و دیدی جیاوازی لێبكه‌وێته‌وه، به‌ڵام من له‌چه‌ند شوێنێكی تریشدا هه‌مان بۆچونم ده‌ربڕیوه، كه ناكرێت نمایشێكی شانۆیی به‌بێ چاودێر‌و ڕێكخه‌رێك كه ناوی " ڕێژیسۆر یان ده‌رهێنه‌ر" ه. له‌م حاڵه‌ته‌دا ئه‌م ده‌سته‌واژانه‌مان له‌ته‌ك ئه‌م نمایشه‌دا" هه‌ربه‌ده‌م ئه‌و وه‌نه‌وه‌زه‌وه گیانم ده‌رچوو" یه‌كده‌گرێته‌وه، هه‌رچه‌نده ئه‌م ده‌رهێنه‌رێك به ته‌واوی بنه‌ماو توانای خۆیه‌وه ئاماده‌یی هه‌یه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ون ده‌بێت له‌ناو چركه ساتی نمایشدا ده‌سه‌ڵاتی میتافیزیكیای ده‌رهێنه‌ره، چونكه گه‌ر به بنه‌ما ته‌قلیدی و باوه‌كه ده‌سه‌ڵاتی ده‌رهێنه‌ر پێناسه بكه‌ین، له‌و چركه ساته‌دا كۆتایی دێت كه چركه‌ی نمایش ده‌ست پێده‌كات، بۆیه فۆڕمه‌له بونی ئه‌م نمایشه‌ش له سه‌ر بنه‌مایه‌كی بێ میحوه‌رو بێ ئاسۆیی ته‌نها له‌وه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتوه كه ده‌رهێنه‌ر وه‌زیفه‌ی سنور داربێت بۆ یه‌كێك له ڕه‌گه‌زه‌كانی نێو به‌رهه‌مهێنانی نمایش، كه‌ئه‌كته‌ره.. ڕاسته ئێمه چیرۆكێكی دیاریكراومان بینی، ڕه‌نگه چیرۆك بۆ ئه‌م نمایشه بنه‌مایه‌كی سه‌ره‌كی بوبێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێمه‌ی زیاتر وه‌ستان چۆنیه‌تی چنینی چیرۆكی نێو نمایشه‌كه‌یه، لێره‌شدا دیسانه‌وه به‌ناچاری ده‌چینه‌وه سه‌روه‌زیفه‌ی نوسین و ده‌ق له به‌رهه‌مهێنانی كارێكی شانۆییدا، بۆ ئه‌و هاوكێشه‌یه‌ش ڕه‌نگه ئه‌كته‌ر بنه‌مای سه‌ره‌كی بێت بۆئه‌وه‌ی ئه‌و چه‌مكه گشتیه‌ی ده‌ق بگه‌یه‌نێت به‌بینه‌ر، به‌ڵام له‌م حاڵه‌شدا وه‌زیفه‌ی ده‌رهێنه‌رو ئه‌كته‌رو ده‌ق وه‌زیفه‌یه‌كی هارمۆنیه‌ته‌و ڕه‌نگه له‌دوای نمایش بینه‌ر بتوانێت لێكیان جودا بكاته‌وه.. گرفتی په‌یوه‌ندی كردن: یه‌كێك له‌و گرفتانه‌ی ئه‌مڕۆ له‌نێوه‌ندی هونه‌ریدا هه‌ستی پێده‌كرێت گرفتی په‌یوه‌ندیكردنه، په‌یوه‌ندی كردنی نمایش به‌بینه‌ره‌وه ، له‌لایه‌كی دی په‌یوه‌ندی به‌رهه‌م به‌وه‌رگره‌وه، زۆرجاریش ئه‌و په‌یوه‌ندیه له‌سه‌ر ئه‌ساسی جۆرێك له‌تایبه‌تمه‌ندی دروست ده‌بێت له‌نێوان فۆڕم و شێوازی ئه‌و نمایشه‌و ئاستی هۆشیاری ئه‌و بینه‌ره، له‌م حاڵه‌ته‌شدا پێویستمان به‌گه‌ڕانه‌وه ده‌بێت بۆدیاریكردنی ئاستی ڕۆشنبیری ئه‌و بینه‌ری كه‌ئێمه نمایشێكی پێشكه‌شده‌كه‌ین، به‌بڕوای من تائێسستا تێنه‌گه‌یشتنی هونه‌رمه‌ندی ئێمه له‌م بواره‌دایه، كه نازانێت نهێنی ئه‌و په‌یوه‌ندیه بدۆزێته‌وه كه‌واله‌بینه‌رده‌كات نمایش ببێته جێگه‌ی سه‌رنجی، هۆكاری ئه‌مه‌ش به‌تایبه‌تی بۆڕاده‌و توانستی شانۆكار ده‌گه‌ڕێِته‌وه، به‌تایبه‌تی له‌جۆرو شێوازی ئه‌و ئاڕاسته‌كردنه‌ی كه به‌ره‌و ڕوی بینه‌ری ده‌كاته‌وه، به‌تایبه‌تیش له‌جۆرو شێوازی بابه‌ت و ته‌كنیكدا.. له‌لایه‌كی تره‌وه ده‌رهێنه‌ر كه‌سی یه‌كه‌مه بۆدۆزینه‌وه‌ی پێكهاته‌كانی ئه‌و په‌یوه‌ندیه، چونكه له‌ئه‌ساسه‌وه په‌یوه‌ندی نێوان بینه‌رو به‌رهه‌می هونه‌ریی ده‌رهێنه‌ر به‌هۆی ئه‌كته‌ره‌وه دروستی ده‌كات... له‌م نمایشه‌شدا "هه‌ربه‌ده‌م ئه‌و وه‌نه‌وزه‌وه گیانم ده‌رچوو" تاڕاده‌یه‌كی باش توانرابوو ئه‌و په‌یوه‌ندیه بدۆزرێته‌وه، به‌تایبه‌تیش له‌فۆڕمی نواندن وجۆری ئاڕاسته‌كردندا، لێره‌دا پێویسته هه‌ڵوێسته‌ش بكه‌ین له‌سه‌ر ئه‌زمون وتوانستی نواندنی (كاروان عوسمان چێوار) و ئه‌و دو ئه‌كته‌ر لاوه‌ی تر، (كارۆ ساماڵ و كۆچه‌ر ڕئوف) ده‌رهێنه‌رو ئه‌م ئه‌كته‌رانه له‌ناو كۆی په‌یوه‌ندی خولقاندنی نمایشدا توانیبویان كه‌شێكی گشتی نمایش دروست بكه‌ن، ئه‌و كه‌شه‌ش بێگومان به‌پله‌ی یه‌كه‌م به‌هۆی پێكهاته‌ی چیرۆكی نمایشه‌كه‌وه دروست بوبوو، ئه‌و چیرۆكه‌ی له‌م نمایشه‌دا دروست بوو، فۆڕمه چیرۆكێكه جارێكی تر بینه‌ری ئێمه‌و وه‌رگری ئێمه ده‌بێته پاڵه‌وانی سه‌ره‌كی تێیدا، چونكه به‌درێژایی ده‌ساڵی ڕابردوو نمایشی شانۆی ئێمه یه‌كێك له‌كه‌مو كورتیه‌كانی نائاماده‌یی پێگه‌و خه‌ونی تاكی كۆمه‌ڵگه بوو تێیدا، ئه‌و نائاماده‌ییه‌ش چ بابه‌تی نمایشه‌كان، چی ئه‌و چیرۆكه‌ی له‌سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ نمایش ده‌كرا، به‌شی زۆری بابه‌ته‌كان خۆزگه‌و بابه‌تێك بوون، كه زۆر دوربون له مه‌هامو بیركردنه‌وه‌ی تاكی كوردی، چونكه هونه‌ری شانۆ یه‌كێك له‌پایه سه‌ره‌كیه‌كانی كه به بینه‌ره‌وه‌ی ده‌به‌ستێته‌وه قوڵایی ئه‌وه له‌ناو بیركردنه‌وه‌ی گشتی كۆمه‌ڵگه‌دا.. ڕه‌نگه (نمایشه‌كانی كۆڕی شانۆی با) باشترین نمونه‌بێت، به‌تایبه‌تی ئه‌و فۆڕمه كاركردنه‌ی پێشتر هۆرێن كاری له‌سه‌ر ده‌كرد، له‌گه‌ڵ ئه‌و فۆڕمه ئیشكردنه‌ی ئێستای ( سترانی شه‌مه‌نده‌فه‌رو ئۆڤیلیا) له‌ڕوی ده‌رهێنان و قوڵایی گوتاری ده‌رهێنه‌ر هیچی له (ده‌ستێ جلی تر...ڕه‌ش ڕه‌ش، وێنه‌ی هونه‌رمه‌ند دوای تافی لاوی ) كه‌متر نه‌بوو، به‌ڵام ئه‌م دو ئیشه‌ی دواییان جۆرێك له‌نزیك بونه‌وه هه‌یه له‌مه‌هامو بیركردنه‌وه‌ی تاكی كوردی ، وه‌ك له‌و ئیشانه‌ی پێشتر، هه‌روه‌ك بینیشمان ئه‌م ئیشانه‌ی دوایی هۆرێن بینه‌رێكی یه‌كجار زۆری هه‌بوو، له‌چاو ئیشه‌كانی ڕابردویدا.. به‌بڕوای من " توانا غه‌نی " له‌م بۆشاییه‌ی بینه‌ردا زیره‌كانه كاری كردبوو، گه‌ر بیتوانیایه، ئاڕاسته‌یه‌كی جیاوازتری هه‌بایه، به‌تایبه‌تی گه‌ربیتوانیایه كاروان له‌و چوارچێوه سنورداریه ده‌ربكردایه،كه‌ئێمه پێشتر توانا‌و هێزی ئه‌ومان بینیبوو له‌سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ، هێزی نواندنی كاروان هێزێكی دانسقه‌یه، به‌ڵام پێویستی به‌چاوێرێكی وردی ده‌رهێنه‌ره، بۆیه من پێم وایه ئه‌م ئیشه هه‌وڵێكه‌و ئه‌زمونێكه به‌ڵام هه‌روه‌ك له‌سه‌ره‌تاشدا باسم كرد ڕه‌نگه نه‌گه‌یشتبێته قۆناغی پته‌ویی و كامڵی هۆكاره‌كه‌شی بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه‌ئه‌زمونی توانا ڕه‌نگه له‌چاو ئه‌زمونی ئه‌و فۆڕم وشێوازه‌ی كه‌ئیشی تێدا ده‌كات تاڕاده‌یه‌ك نوێ بێت و ڕه‌نگه ده‌رهێنه‌ریش له‌به‌رده‌م یه‌كێك بێت له‌و ئه‌گه‌رانه‌ی كه بیه‌وێت جۆرێك له‌تایبه‌تمه‌ندی هونه‌ریی بۆخۆی بدۆزێته‌وه، بۆیه ئه‌گه‌ری دۆزینه‌وه له‌چه‌ند لایه‌نێكی تره‌وه ده‌ستی ده‌كه‌وێت، به‌تایبه‌تی له ئه‌زمونی " بینین" كه پێم وابێت یه‌كه‌م ویستگه‌ی خۆده‌وڵه‌مه‌ندكردنی ده‌رهێنه‌ره‌و هیچ ده‌رهێنه‌رێك نیه به‌بێ چاوێكی ده‌وڵه‌مه‌ند بتوانێت شانۆیه‌كی مه‌زن به‌رهه‌م بێنێت. ویستگه‌یه‌كی تریش بۆ ده‌رهێنه‌ر ئه‌زمونی وشه‌و خوێندنه‌وه‌یه، به‌تایبه‌تی ئه‌و به‌دوای فۆڕمێك له‌كاری ئیرتیجاله‌وه‌یه كه بنه‌مای سه‌ره‌كی ده‌ق تێیدا بنه‌مای ستراكتۆری ده‌سته‌جه‌معیه‌و بێگومان ده‌رهێنه‌ریش ترۆپكی ئه‌و گروپه‌یه له‌كاری شانۆی ئیرتیجالدا، چونكه دواجار ئه‌و هه‌ڵده‌ستێت ڕێكخستنی هه‌مو ئه‌ودیالۆگ و جوڵانه‌ی كه له‌كاتی پڕۆڤه‌دا به‌رهه‌م هاتون به‌تایبه‌تیش ئه‌و شێوازه‌ی كه‌ده‌قی پێش وه‌خت بونی نه‌بێت.. گه‌رئێمه بمانه‌وێت هه‌ڵوێسته له‌سه‌ر ئه‌زمونی ئیرتیجال وفۆڕمی نمایش بكه‌ین، ئه‌وا پێویستمان به‌وه ده‌بێت له‌كۆی ئه‌و (شفره‌و كۆد) دا بگه‌ین كه له پرۆسه‌ی به‌رهه‌م هێنانی ئیرتیجالدا به‌رهه‌م دێت، به‌تایبه‌تیش له‌ناو نمایشداو له بونیادی تێكستدا، چونكه به‌رهه‌مهێنانی ئیرتیجال بۆكاری نمایش جۆرێكه له‌ساته‌وه‌ختی داهێنان، هه‌روه‌ك ئه‌و ڕسته باوه‌ی كه پێی وایه چركه ساتی داهێنان له چركه ساتی ئیرتیجال و ساته عه‌فه‌ویه‌كاندایه، له‌به‌ر ئه‌م حاڵه‌ته‌شه كاتێك ئه‌وان ده‌یانه‌وێت دیمه‌ن دیمه‌ن كارێكی ئیرتیجالی به‌رهه‌م بێنن بۆئه‌وه‌ی له‌به‌رده‌م ئه‌و ساتانه‌ی داهێناندا جۆرێك له‌تایبه‌تمه‌ندی وه‌ربگرێت و له‌كاتی نمایشدا به‌فۆڕمێكی ڕێكخراو‌و جێگر نمایش بكرێت، چونكه ئێمه كه‌باس له فۆڕمی ئیرتیجال ده‌كه‌ین له فۆڕم و شێوازی كاركردندا، ئه‌وا ئێمه باس له‌و چركه ساتانه ده‌كه‌ین كه گروپ نه‌گه‌یشتونه‌ته نمایش، له‌گه‌ڵ ده‌ست پێكردنی چركه‌كانی نمایش كاری ئیرتیجال ته‌واو ده‌بێت و كارێكی ڕێكخراو‌و به‌رنامه بۆداڕێژراوی ده‌رهێنه‌رو ئه‌كته‌ر ده‌ستپێده‌كات.. له‌م حاڵه‌ته‌شدا هه‌ندێ كاری كت‌و پڕ له‌نمایشدا ڕوده‌ده‌ن، ته‌نها ئه‌كته‌ری خاوه‌ن ئه‌زمون ده‌توانێت چاره‌سه‌ری بكات، به‌تایبه‌تیش ئه‌و ئه‌كته‌رانه‌ی خاوه‌ن چاوێكی ده‌وڵه‌مه‌ندو یاده‌وه‌رییه‌كی به‌هێزن له‌كاتی بونیادی ئیرتیجالدا.. ده‌رهێنه‌ر له‌م فۆڕمه كاركردنه‌دا دوو گرنگی گه‌وره‌ی هه‌یه، یه‌كه‌میان بونیه‌تی وه‌ك چاودێرێكی هونه‌ری به‌سه‌ر ته‌واوی كاره‌كانی نمایشه‌وه، دوه‌میان بونیه‌تی وه‌ك چاودێرێك بۆبونیادنانی تێكست، ئه‌مه‌ی دوه‌میان بۆ ئه‌و فۆڕمه كاركردنه‌ی (ده‌رهێنه‌ر) زۆر پێویسته، به‌تایبه‌تی كه بونیادی تێكست به‌ده‌رله‌وه‌زیفه هونه‌رییه‌كه وه‌زیفه‌یه‌كی ئه‌ده‌بی گه‌وره‌ی هه‌یه، لێره‌شدا جارێكی دی په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان ئه‌ده‌ب و شانۆ به‌فۆڕمێكی ده‌وڵه‌مه‌ندتر پێكده‌گه‌نه‌وه.. بۆمن خاڵی دووه‌م جێگه‌ی سه‌رنج بوو له‌كاركردنی ئه‌م گروپه گه‌نجه‌دا هه‌رئه‌مه‌ش وای لێكردم هه‌ڵوێسته‌یه‌ك له‌سه‌ر كاركردنیان بكه‌م، چونكه ئه‌وان به‌هه‌مو بۆشایی كاركردنیانه‌وه له‌به‌رده‌م هه‌وڵدانێكی به‌رده‌وامدان كه به‌بڕوای من ئه‌و هه‌وڵدانه‌ی ئه‌وان جۆرێك له‌ڕاستگۆیی و پابه‌ندبونی تێدایه بۆكاری هونه‌ریی جوان، گه‌ر له‌م ئه‌زمونه سه‌ره‌تاییه‌دا ڕوبه‌ڕوی هه‌ندێ گرفتی بینین و تێگه‌یشتن بونه‌ته‌وه ئه‌و به‌دڵنیاییه‌وه له‌كۆتاییدا ئیشی جوان و هونه‌ریی تر به‌رهه‌م دێنن، به‌و مه‌رجه‌ی بتوانن له‌به‌رامبه‌ر كار‌و فۆڕمه جیاوازه‌كانی ئیرتیجال و به‌رهه‌مهێنانی هاوبه‌شدا ڕۆشنبیریه‌كی فراوان دروست بكه‌ن، له‌م حاڵه‌ته‌شدا پێویستیان به سه‌رجه‌م ئه‌و هێڵ و په‌یوه‌ندیانه ده‌بێت كه ئه‌و فۆڕمه ئیشكردنه‌یان به‌دونیای ئه‌ده‌بیه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه، به‌تایبه‌تیش ته‌كنیكی نوسینی ڕۆمان وچیرۆك كه بۆئه‌م فۆڕم و شێوازه كاركردنه زۆر گرنگ و پێویسته.. ده‌سپێکی مێژووی ڕه‌خنه‌ی شانۆییدانا ڕه‌ئوف -سويد ![]() له هه‌شتاکاندا باسێکم له‌سه‌ر سه‌ره‌تاکانی ڕه‌خنه‌ی شانۆیی له یۆنانی کۆن نووسیبوو، ئه‌و باسه و گرنگی مه‌سه‌له ڕه‌خنه‌ییه‌کان و هونه‌ری شانۆ، چه‌ند مه‌سه‌له‌یه‌ک بوون که زۆر جار بیرم لێکردوونه‌ته‌وه، ویستوومه زیاتر له‌سه‌ریان بدوێم و لایه‌نه جۆراوجۆره‌کانی شیبکه‌مه‌وه. چه‌ند ساڵێک له‌مه‌وبه‌ر، له‌پاڵ وانه‌کانی شانۆ و هونه‌ری نواندندا، وانه‌ی ڕه‌خنه‌ی شانۆیی و مێژووی کولتووری ئه‌وروپاشم به قوتابییه‌کانم ئه‌وته‌وه. باسه کۆنه‌که‌ی هه‌شتاکانم بووه بنه‌مایه‌کی ساکاری قۆناخێک و هه‌ندێ به‌شیم کرده سویدی و له‌پاڵ چه‌ندین کتێب و سه‌رچاوه‌ی تردا به‌کارم هێنا. ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر له‌گه‌ڵ برایانی سه‌رنووسه‌ر و ده‌سته‌ی گۆڤاری شانۆدا بیرمان له ئاماده‌کردنی مه‌له‌فێکی تایبه‌تی له‌سه‌ر ڕه‌خنه و ڕه‌خنه‌ی شانۆیی کرده‌وه، به‌تایبه‌تی ڕه‌خنه‌ی شانۆیی زۆر گرنگه و ئێمه‌ش له‌و بواره‌دا هه‌ر زۆر هه‌ژارین و ڕه‌خنه‌ش پێداویستیه‌کی زۆر گرنگ و ته‌واوکه‌رێکی ڕاسته‌وخۆی هونه‌ری شانۆیه و پێگه‌یه‌کی تایبه‌تمه‌ندیش ده‌به‌خشێت به ڕه‌وتی شانۆکه‌مان. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته سه‌رله‌نوێ باسه کۆنه‌که‌م ده‌رهێنایه‌وه، گه‌ڕامه‌وه بۆ سه‌رده‌مانێکی به‌ر له یۆنانیش، به‌تایبه‌تی شارستانییه‌تی میسری کۆن، به باسه‌که‌دا چوومه‌وه و کردمه ده‌روازه‌یه‌ک بۆ ئه‌م باسه و بۆ مه‌له‌فه‌که‌شمان. هیوادارم ئه‌م مه‌له‌فه سه‌ره‌تایه‌ک بێت بۆ قۆناخێکی تری شانۆی کوردی، بۆ بزووتنه‌وه‌ی شانۆیی و بۆ دروستکردنی شانۆیه‌کی کوردی. میسری فیرعه‌ونی و سه‌ره‌تاکانی ڕه‌خنه ئه‌ده‌ب، شانۆ و فه‌لسه‌فه‌ی یۆنانی سه‌ره‌تای هه‌موو لێکۆڵینه‌وه‌کان بووه و هه‌موو ئه‌وانه‌شی که به مێژووی ڕه‌خنه و ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بییه‌وه خه‌ریک بوون، تیۆر و لێکۆڵینه‌وه‌کانیان هه‌ر له یۆنان و ئه‌ده‌بی یۆنانییه‌وه ده‌ستپێکردووه. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش کولتووری یۆنان به هه‌موو به‌شه‌کانییه‌وه ده‌بێته که‌ره‌سته‌یه‌کی ده‌وڵه‌مه‌ندی پشکنین و ساخکردنه‌وه و ڕوونکردنه‌وه‌ی باسه‌کانیان. له سه‌ده‌ی پازده‌یه‌م و سه‌رده‌می بوژانه‌وه (ڕێنیسانس) دا، وه‌رگێڕان و ساخکردنه‌وه و شیکردنه‌وه‌ی ئه‌ده‌ب و فه‌لسه‌فه‌ی یۆنانی به‌کاره هه‌ره پیرۆزه‌کان داده‌نرا و هه‌ر ئه‌م گه‌ڕانه‌ش وزه و هێزێکی گه‌وره‌ی به مرۆڤی سه‌رده‌می بوژانه‌وه به‌خشی و ئه‌وروپا سه‌رله‌نوێ وه‌ک کیشوه‌رێکی تازه، فه‌لسه‌فه و کولتووری کۆنی یۆنانی ده‌دۆزێته‌وه. به‌ڵام به‌ر له‌م کو‌لتوور و شارستانییه‌ته ده‌وڵه‌مه‌نده‌ی یۆنان، ژیانێکی پێشکه‌وتوو له وڵاتی میسر و له سه‌ره‌می فیرعه‌ونه‌کاندا هه‌بووه. شارستانییه‌تی فیرعه‌ونه‌کان خاوه‌نی ڕۆشنبیری و فه‌لسه‌فه و ڕه‌خنه و ئه‌ده‌بێکی دیاربوون. به‌رده‌وامنه‌بوونی ئه‌و شارستانییه‌ته ئه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ چه‌ند هۆکارێکی تایبه‌تمه‌ند به بارودۆخی میسر، له‌و هۆکارانه‌ش نه‌بوونی حوکمڕانییه‌تێکی دیموکراتی وه‌ک یۆنان، که بووه‌ته هۆی له‌ناوچوونی زۆر له لایه‌نه ڕووناکه‌کانی ئه‌و بوارانه. هه‌روه‌ها به به‌راورد له‌گه‌ڵ یۆنانی کۆندا، له میسر و له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتداران و خه‌ڵکیشه‌وه گرنگییه‌کی ئه‌وتۆ به بواره‌کانی هونه‌ر و ڕۆشنبیری نه‌دراوه، ئه‌مه‌ش گیانی هاندان و جووڵانه‌وه‌ی له خاوه‌ن به‌هره‌کاندا بڕیوه. به‌ڵام هه‌موو سه‌رچاوه‌کان ئاماژه‌ی ئه‌وه ده‌که‌ن که کولتووری نووسین له وڵاتی میسری کۆندا بڵاوبووه و ڕۆڵی نووسین زۆر به به‌ها و گرنگ بووه. هه‌ر له ساڵه‌کانی دوو سه‌دی به‌ر له له‌دایکبوونی مه‌سیحه‌وه، له‌لایه‌ن قه‌شه‌یه‌که‌وه که ناوی مانێتۆ بووه، مێژووی میسری کۆن نووسراوه‌ته‌وه، ئه‌م قه‌شه‌یه ناوی سی بنه‌ماڵه‌ی یه‌ک له‌دوای یه‌کی فیرعه‌ونه‌کانی هێناوه. فه‌یله‌سوفه یۆنانییه‌کانیش ئاگاداری باری ڕۆشنبیری و فه‌لسه‌فه‌ی میسری کۆن بوون و کاریگه‌ریشیان هه‌بووه، (ئه‌فلاتون) خۆی گه‌یاندۆته میسر و له‌وێ فه‌لسه‌فه‌ی خوێندووه، فیساغۆرس دوازده ساڵ له میسر ژیاوه و له‌وێ ئه‌ستێره‌ناسی و ئه‌ندازه‌ی خوێندووه1. تێکست و نووسراو کۆنه‌کانی پیرامیده‌کان دووپاتی ئه‌وه ده‌که‌نه‌وه که چیرۆک و شانۆنامه‌ی ئایینی به‌ر له پێنج هه‌زار ساڵ به‌ر له زایین‌دا پێشکه‌شکراوه. هونه‌ر و ئه‌ده‌ب و فه‌لسه‌فه‌ی میسری کۆن به‌شێوه‌یه‌کی تایبه‌تی پابه‌ند بووه به ئایین و فیرعه‌ونه‌کانه‌وه. وه‌ک له‌مه‌وپێش ئاماژه‌مان بۆ کرد که له وڵاتی میسری کۆن کولتوورێکی ده‌وڵه‌مه‌ندی نووسین هه‌بووه، بێگومان بوونی ئه‌ده‌بی نووسراو، جه‌ماوه‌ر ئه‌جوڵێنێ و خوێنه‌ران دروست ده‌کات و که‌شوهه‌وای ڕه‌خنه‌ش ده‌خوڵقێنێ، گفتوگۆ و توانج تێگرتن، هه‌ندێ جار به نووسین و هه‌ندێ جار به ڕه‌خنه‌ی ڕاسته‌وخۆ. هه‌ر له‌م ڕێگا سه‌ره‌تاییه‌شه‌وه هێرش و به‌رگریکردن بۆته یه‌کێک له سیماکانی ڕه‌خنه‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه. ڕه‌خنه‌ی میسرییه‌کان وه‌ک سه‌ره‌تای هه‌موو ڕه‌خنه‌یه‌ک به چه‌ند قۆناخێکدا تێپه‌ڕیوه، سه‌ره‌تا قۆناخی زاره‌کی، له‌م قۆناخه‌دا ڕه‌خنه‌گره‌کان ڕه‌خنه‌کانیان له کۆڕه ئه‌ده‌بییه‌کاندا، ڕاسته‌وخۆ ئاراسته کردووه. دوای ئه‌وه له‌گه‌ڵ به‌ره‌وپێشه‌وه‌چوونی کولتووری نووسیندا، ڕه‌خنه‌ش ده‌چێته بواری نووسین و تۆمارکردنه‌وه. ڕه‌خنه له‌م قۆناخه‌دا په‌یڕه‌وی هیچ جۆره یاسا و ڕێسایه‌کی تایبه‌ت و جێگیر و دیاریکراو نه‌بووه، به‌ڵکو هه‌ڵوێستی ڕۆژگار چۆن بووبێت به‌رامبه‌ر به‌و نووسه‌رانه، ڕه‌خنه‌گره‌کانیش په‌یڕه‌وییان کردووه. جگه له‌وانه‌ش نابێ ڕۆڵی گه‌وره‌ی ئاین و پیاوانی ئاینمان له‌م بواره‌دا له‌یاد بچێت، پیاوانی ئاین و په‌رستگاکان ڕاسته‌وخۆ ڕۆڵی ترسناکی خۆیان فه‌رامۆش نه‌کردووه، له‌به‌رئه‌وه ڕه‌خنه‌گره‌کان زۆرجار که‌وتوونه‌ته ژێر کاریگه‌ری و کارتێکردنی په‌رستگاکان و ڕه‌خنه‌کانیان شێوه و چه‌مکه ئایینییه‌کانی له‌خۆگرتووه. له کاتێکدا که میسرییه‌کان چوونه‌ته په‌رستگاکانیانه‌وه مۆسیقا و نواندن زۆر گرنگ بووه. مۆسیقای فیرعه‌ونییه‌کان کاریگه‌رییه‌کی به‌هێزی به‌سه‌ر نه‌شونماکردنی مۆسیقای ئه‌فه‌ریقا، ئاسیا و ئه‌وروپاوه جێهێشتووه و کاری تێکردوون. مۆسیقا و شانۆ لایه‌نێکی گرنگی ڕیتواڵی ئاینی په‌رستگا میسرییه‌کان بووه. هه‌موو به‌یانییه‌ک له‌گه‌ڵ کازیوه‌دا سه‌مازانه‌کان، گۆرانیبێژه‌کان، مۆسیقاژه‌نه‌کان و ئه‌کته‌ره‌کان به نه‌مایشه‌کانیان، خواوه‌نده‌کانیان به‌خه‌به‌رکردۆته‌وه، به له‌ناوچوون و پووکانه‌وه‌ی ژیانی ژیاری و شارستانی میسر، شارستانی یۆنان، به‌شێوه‌یه‌کی زۆر خێرا و له هه‌موو بواره‌کاندا که‌وته سه‌رهه‌ڵدان و گه‌شانه‌وه و ده‌رکه‌وتن. •سه‌ره‌تایه‌ک بۆ ڕه‌خنه‌ی شانۆیی له یۆنان نه‌ژادی دراما و شانۆی یۆنانی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و ڕێوڕه‌سمانه‌ی که بۆ شکۆبه‌خشین به خواوه‌نده‌کانیان، به‌تایبه‌تیش ئاهه‌نگی جه‌ژنه‌کانی دیونیسوس که له‌شاری ئه‌سینا سازیان کردووه. له سه‌ره‌تادا هیچ سنوورێک له‌نێوان شانۆ و بینه‌راندا نه‌بووه و هه‌موو پێکه‌وه شه‌رابیان خواردۆته‌وه، سه‌مایان کردووه، گۆرانی‌یان ووتووه و قوربانییه‌کانیان به دیونیسوس به‌خشیوه. دواتر ئه‌م که‌رنه‌ڤاڵانه ڕێکده‌خرێن، قه‌شه‌یه‌ک سه‌رپه‌رشتی گۆرانییه‌کان ده‌کات که ده‌بێته کۆرس و سه‌ماش به‌جیا، هێدی هێدی گۆرانی کۆرسه‌کان ده‌بنه شانۆ و که‌سێک له خودی کۆرسه‌کان به‌ته‌نها هاتۆته ده‌ره‌وه و دیالۆژێکی له‌گه‌ڵ سه‌رۆکی کۆرسه‌که‌دا ده‌ستپێکردووه. ئه‌م ئاهه‌نگ و ڕیتواڵي ئاینییانه په‌ره‌ی سه‌ند، که‌سی دووه‌م و سێیه‌میش له‌گه‌ڵ که‌سی یه‌که‌م که‌وتنه گفتوگۆ و قه‌باره و ڕۆڵی کۆرسه‌کانیش که‌مکرانه‌وه، تا له سه‌ده‌ی پێنجه‌می به‌ر له زایین‌دا شێوه و شێوازێکی تری وه‌رگرت و له‌به‌رئه‌نجامدا تراژیدیاکان له‌دایکبوون، فێستیڤاڵ و پێشبڕکێی ساڵانه هاتنه کایه‌وه و نووسه‌ری شانۆیی دروست بوون و شانۆنامه‌کانیشیان له‌ڕێگای ئه‌و فێستیڤاڵانه‌وه پێشکه‌ش کردووه. سه‌ده‌ی هه‌شته‌می پێش زایین تراژیدیای یۆنانی ده‌گاته ترۆپکی پێشکه‌وتن، هونه‌ر و ئه‌ده‌ب مۆرکێکی تری وه‌رگرت و ببووه پێداویستییه‌کی ڕۆژانه‌ی جه‌ماوه‌ر. هه‌موو سورچو شاره سه‌ره‌کییه‌کان جموجوڵێکی گه‌وره‌ی ڕۆشنبیری جۆراوجۆری فه‌لسه‌فیی، هونه‌ری، ئه‌ده‌بی، ڕێتۆریک و ته‌نانه‌ت کۆمه‌ڵایه‌تی و ڕامیاریشی گرتبۆوه. خه‌ڵکی ئه‌وسای یۆنان به‌رده‌وام ئاگاداری به‌رنامه‌کانی ئه‌ده‌ب، هونه‌ر و گفتوگۆ فه‌لسه‌فییه‌کان بوون و به په‌رۆشه‌وه ئاماده‌ی هه‌موو چالاکییه جۆراوجۆر و نه‌مایشه شانۆییه‌کانیان کردووه، ئه‌و که‌سانه‌شی ده‌رامه‌تی ئاماده‌بوونی ئه‌م فێستیڤاڵه شانۆیانه‌یان نه‌بووه، داموده‌زگا ده‌سه‌ڵاتداره‌کان ئاسانکارییان بۆ کردوون. له‌گه‌ڵ چالاکی به‌رده‌وامی شانۆدا، فه‌لسه‌فه گۆڕه‌پانێکی گه‌وره‌ی هونه‌ری خوڵقاندبوو، فه‌یله‌سوفه‌کان هه‌وڵی چاره‌سه‌رکردنی کێشه که‌ونییه‌کانیان داوه و گفتوگۆی به‌رده‌وامییان له‌نێوان خۆیان و خه‌ڵکیدا له لایه‌ک و له‌ناو خه‌ڵکیشدا له‌لایه‌کی تره‌وه دروستکردووه. فه‌یله‌سوفه‌کانی شاری ئه‌سینا هه‌ریه‌که بۆ خۆی قوتابی و قوتابخانه‌ی تایبه‌تی خۆیان هه‌بووه که به‌هۆیه‌وه بیروبۆچوون و ڕێبازه‌کانیان به‌ناو خه‌ڵکدا بڵاوکردۆته‌وه. ڕه‌خنه‌گرانی ئه‌م قۆناخه هه‌وڵی نووسینی ڕه‌خنه‌کانیان نه‌داوه، به‌ڵکو ئامانجی ئه‌وان ئه‌وه بووه که جه‌ماوه‌ر له خۆیان کۆبکه‌نه‌وه و گوێ له بیروبۆچوونه‌کانیان بگرن، ئه‌م ڕێگایه‌ش پشت به قسه‌کردن و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌کی ڕاسته‌وخۆ ئه‌به‌ستێت، جارێک له‌نێوان جه‌ماوه‌ر و ڕه‌خنه‌گره‌کاندا و جارێکی تریش له‌گه‌ڵ ڕه‌خنه‌گر و شاعیره‌کاندا. جه‌ماوه‌ر هه‌میشه ڕۆڵێکی گرنگ و سه‌ره‌کی له‌نێوان ڕه‌خنه‌گر و شاعیره‌کاندا بینیوه و شێوه ته‌رازوویه‌کیان به‌رامبه‌ر به ڕه‌وایی و ناڕه‌وایی ڕه‌خنه‌کان پێکهێناوه. بۆ نموونه گه‌ر ڕه‌خنه‌کانیان په‌سه‌ند بکردایه، ئه‌وا زه‌ماوه‌ندیان بۆ ساز ده‌کرد، گه‌ر به پێچه‌وانه‌شه‌وه بوایه ئه‌وا ده‌ستیان ده‌کرد به هاوار هاوار و ناڕه‌زایی ده‌ربڕین. که‌واته ڕه‌خنه‌گر میلله‌ت بووه، جه‌ماوه‌ر هه‌میشه ڕۆڵی ڕه‌خنه‌ئامێزی خۆی به‌رامبه‌ر به به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییه‌کان و کاره هونه‌رییه‌کان بینیوه. ڕه‌خنه له‌گه‌ڵ په‌یدابوونی ئه‌ده‌ب و هونه‌ردا په‌یدابووه و هاوشانی قۆناخ و پرۆسێسی به‌ره‌وپێشچوونی ئه‌و کارانه ڕۆیشتووه. گه‌رچی له‌سه‌ره‌تادا وه‌ک لقه زانینێکی سه‌ربه‌خۆش، به به‌راورد به فه‌لسه‌فه و شانۆی گرێکی دروست نه‌بووبێت. ئه‌وه‌ی که گرنگه له‌م باسه‌دا ڕه‌چاو بکرێت، به‌تایبه‌تی سه‌باره‌ت به ڕه‌خنه‌ی ئه‌و قۆناخه ئه‌وه‌یه که ڕه‌خنه‌ی ڕه‌خنه‌گه‌ره‌کان له قاڵبێکی ته‌سکی خودی ڕه‌خنه‌گره‌کان نه‌چۆته ده‌رێ و هه‌موو هۆکاره مه‌وزووعییه‌کانی کاره ئه‌ده‌بی و هونه‌رییه‌کانیان پشتگوێ خستووه. ئه‌مه جگه له ڕه‌چاوکردنی ئه‌و بارودۆخ و ئه‌و شوێنه‌شی که ڕه‌خنه‌که‌ی تێدا ئه‌وترا یان ئه‌نووسرا، له‌گه‌ڵ پێگه و هه‌ڵوێستی ئه‌دیب و هونه‌رمه‌نده‌کان له‌ڕووی ڕامیاری و ئابووری و جێگای له کۆمه‌ڵگه‌دا. ڕه‌خنه‌ی ئه‌و قۆناخه ڕه‌خنه‌یه‌کی تایبه‌تمه‌ندی شانۆیی نه‌بووه، به‌ڵکو ڕه‌خنه‌یه‌کی گشتگر و سه‌راپاگیر بووه و هه‌موو ڕووه‌کانی کاره هونه‌رییه‌که، ئه‌ده‌بو هونه‌ری گرتۆته‌وه. ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی له ڕه‌خنه‌ی شانۆیی جیانه‌کراوه‌ته‌وه و ڕه‌خنه‌گره‌کان له کۆڕ و کۆمه‌ڵه گشتییه‌کاندا باسی ئه‌ده‌ب، مۆسیقا، سه‌ما، نواندن، وێنه‌کێشان، داتاشین و بیناکردنیان کردووه. گاڵته‌وگه‌پ و گاڵته‌جاڕی یه‌کێک بووه له میتۆد و ڕێگا سه‌ره‌کییه‌کانی ڕه‌خنه‌گره‌کان، له زۆر بۆنه‌دا ڕه‌خنه‌گره‌کان هه‌وڵیانداوه که به گاڵته‌جاڕی و توانج تێگرتن بینه‌ران بهێننه پێکه‌نین. •فێستیڤاڵه شانۆییه‌کان و ده‌سپێکی نوێی ڕه‌خنه له ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی شه‌شه‌می پ. ز دا ڕه‌خنه ده‌چێته قۆناخێکی تره‌وه و ئامرازه‌کانی ڕه‌خنه‌گره‌کان گۆڕانکاری و به‌ره‌وپێشه‌وه‌چوونێکی به‌رچاویان پێوه دیاره. ڕه‌خنه وه‌ک بوارێکی سه‌ربه‌خۆ پێگه و جێگای شیاو و دیاریکراوی خۆی ده‌کاته‌وه، ڕه‌خنه‌گره‌کانیش وه‌ک نووسه‌ر یان هونه‌رمه‌ند ڕێز و ستایشی تایبه‌تمه‌ندی خۆی به‌ده‌ستهێناوه، ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌وکاتی یۆنان له‌به‌رئه‌نجامی ئه‌م پێشکه‌وتن و هه‌نگاوانه‌دا، که‌وتوونه‌ته ئاماده‌کردنی فێستیڤاڵی شانۆیی، له‌م فێستیڤاڵانه‌دا پێشبڕكێی شانۆییان پێکهێناوه و شاعیره گه‌وره‌کان با شانۆنامه‌کانیان به‌شدارییان تێدا کردووه. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش لیژنه‌یه‌کیان له پیاوه ئاینیی و ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی وڵات داناوه که له‌کۆتایی هه‌موو فێستیڤاڵێکدا به‌رهه‌مه سه‌رکه‌وتووه‌کانیان هه‌ڵبژاردووه و پاداشتیان پێبه‌خشیون. ئه‌م فێستیڤاڵانه سه‌ره‌تایه‌کی گرنگ و پاڵ پێوه‌نه‌رێکی باشی ڕه‌خنه بووه، هه‌روه‌ها ڕه‌خنه له ڕێگایه‌کی تره‌وه، به‌ربڵاو و به فه‌رمی توانی به‌های ڕه‌خنه و ڕۆڵی ڕه‌خنه به جه‌ماوه‌ر ڕابگه‌یه‌نێت و له‌هه‌مانکاتدا پێگه‌ی ڕه‌خنه و ڕه‌خنه‌گره‌کان له کۆمه‌ڵگادا به‌هێز بکات. له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌نگاو و قۆناخه نوێیه‌شدا ڕه‌خنه هه‌ر له شێوه و شێوازه سه‌راپاگیر و گشتییه‌کانیدا ماوه‌ته‌وه، ڕه‌خنه‌یه‌کی تایبه‌تمه‌ند به ئه‌ده‌ب یان هونه‌ر دروست نابێت، ئه‌م باره‌ی ڕه‌خنه تا قۆناخێکی تر به هه‌مان به‌رگ و شێوه‌ی خۆیه‌وه ده‌مێنێته‌وه. به‌ڵام له‌گه‌ڵ نه‌شونماکردنی تراژیدیای گرێکی و په‌ره‌سه‌ندنی ژیانی دیموکراتی له‌و وڵاته‌دا، بوژانه‌وه‌ی باری ئابوری و به‌ره‌وپێشه‌وه‌چوونی بیر و هونه‌ر، ڕه‌خنه‌ش پێده‌نێته قۆناخێکی تره‌وه. ئه‌م ئه‌تمۆسفێره و به‌تایبه‌تی له‌سه‌ر ده‌ستی شاعیره تراژیدیه‌کان خۆیاندا زیاتر به‌رجه‌سته ده‌بێت، شاعیره تراژیدییه‌کان خۆیان که‌وتنه به‌رهه‌مهێنان و کاری ڕیژی شانۆنامه‌کانی خۆیان گرته ئه‌ستۆ، نه‌ک هه‌ر ئه‌وه به‌ڵکو گۆرانی و کۆرسه‌کانیان ڕێکخستووه، مه‌شقیان به سه‌مازانه‌کانیان ده‌کرد و سه‌رپه‌رشتی جلوبه‌رگ و هه‌موو ورده‌کارییه‌کانی تری نه‌مایشه شانۆییه‌کانیان کردووه. شان به‌شانی ئه‌و فێستیڤاڵ و پێشبڕکێیانه، سۆفیستاییه‌کان، ئه‌و ڕێبازه فه‌لسه‌فییه‌ی که وتووێژ و ناکۆکی و کێشه‌یه‌کی به‌رده‌وامیان له‌نێوان ڕۆشنبیران و هونه‌رمه‌ندان و ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌سینادا خوڵقاندبوو، ده‌روازه‌یه‌کی تریان به‌ڕووی ڕه‌خنه و ڕۆڵی ڕه‌خنه‌دا کرده‌وه2 . قوتابیانی سۆفیستاییه‌کان خزمه‌تێکی زۆری ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی و شانۆییان کردووه. ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌و گفتوگۆ و دیالۆژه به‌رده‌وامه‌یان و وروژاندنی زۆر له لایه‌نه هزری و هونه‌رییه‌کانی کاره هونه‌رییه‌کان و هه‌ڵسه‌نگاندنیان. •هۆمیرۆس و ده‌روازه‌کانی ڕه‌خنه ئه‌وه‌ی تا ئێستا ئاشکرایه و زوربه‌ی لێکۆڵه‌ره‌وان و ڕه‌خنه‌گره‌کان به‌گشتی له‌سه‌ری ڕێککه‌وتوون ئه‌وه‌یه که: قۆناخی یه‌که‌می ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی له دوو داستانه گه‌وره‌کای (ئه‌لیازه و ئۆدیسه) ه‌وه سه‌ری هه‌ڵداوه3. ئه‌م دوو داستانه ده‌بێته سه‌رچاوه‌یه‌کی بنه‌ڕه‌تی لێکۆڵینه‌وه، ووتووێژ، ڕه‌خنه و ستایش، جارێک به لێکدانه‌وه و ڕه‌خنه، هه‌ندێ جار به ووتووێژ و شیکردنه‌وه، هه‌روه‌ها هۆمیرۆس ته‌نها شاعیرێک بووه که له‌نێو هه‌موو خه‌ڵکی و ده‌سه‌ڵات و ناو شاعیره‌کاندا، جێی رێز و پیاهه‌ڵدان و گرنگییه‌کی بێپایان بووه، ته‌نانه‌ت به‌یتی هه‌ردوو داستانه‌که‌ی سروودی هه‌میشه‌یی سه‌رزاری خه‌ڵکی بووه و سه‌رچاوه‌یه‌کی ڕاسته‌وخۆی بابه‌تی تراژیدیای شاعیره گه‌وره‌کانیش بووه. گومانی تیا نییه که ئه‌م دوو داستانه به گشتی ڕۆڵێکی گه‌وره‌یان له مێژووی ڕه‌خنه و ئه‌ده‌بی یۆنانیدا بینیوه و بابه‌تێکی هه‌میشه زیندووی هه‌موو ئه‌و که‌سانه بووه که ویستوویانه له گرفته‌کانی ڕه‌خنه و ئه‌ده‌ب و هونه‌ر و ئێستاتیکا بکۆڵنه‌وه. نووسه‌ری گه‌وره‌ی کۆمیدیای یۆنانی ئه‌رستۆفان له هه‌موو که‌س زیاتر په‌رۆش بووه بۆ ئه‌م داستانانه و که‌سایه‌تی هۆمیرۆس. ئه‌رستۆفان به چاوی ڕێز و به‌هایه‌کی گه‌وره‌وه له داستانه‌کانی هۆمیرۆسی ڕوانیوه و زۆر به توندی ڕه‌خنه‌ی له هه‌موو ئه‌و که‌سانه گرتووه که به‌چاوی گومان و ڕه‌خنه‌وه له داستانه‌کانیان ڕوانیوه4. باشترین نموونه یوربیدسه که ئه‌رستۆفان له هه‌مووه تێکست و به‌رهه‌مه‌کانیدا ڕه‌خنه‌ی لێده‌گرێت. یوربیدس هه‌ڵوێستێکی تایبه‌تی به‌رامبه‌ر کو‌لتوور و پاشماوه دێرینه‌کانی یۆنان هه‌بووه، ئه‌م نووسه‌ره به به‌راورد له‌گه‌ڵ ئه‌سخیلۆس و سۆفۆکلیسدا زۆر ڕادیکاڵ بووه و له شانۆنامه‌کانیدا به توندی ڕه‌خنه‌ی له ستروکتور و کۆمه‌ڵگا کۆنسه‌رڤاتیڤه‌که‌ی ئه‌سینا گرتووه. ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ زۆر هۆکار که تایبه‌ت بووه به‌و زه‌مه‌نه‌ی یوربیدسی تیاژیاوه، بۆ نموونه گه‌شه‌کردنی پلاتفۆرمه سیاسییه‌کانی ئه‌وکاته‌ی ئه‌سینا، ئه‌مه‌ش باری ئابوری و ژیانی خه‌ڵکی به‌ره‌و ئاراسته‌یه‌کی جیاوازتر بردووه، ته‌وژمه ئاینییه‌کان هه‌مان کاریگه‌رییان له‌ناو خه‌ڵکیدا نامێنێ، به‌هه‌مان شێوه ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت به‌هێزتر بووه له ده‌سه‌ڵاتی ئاین و پیاوه ئاینییه‌کان. هۆمیرۆس له‌لای سوکرات 399_ 470 پ.ز و ئه‌فلاتون 347_427 پ.ز به‌هه‌مان شێوه‌ی ئه‌رستۆفان گه‌وره بووه و سوکرات زۆرجار ناوی هێناوه و کردوویه‌تی به نموونه بۆ قوتابییه‌کانی و ئه‌فلاتونیش له به‌رهه‌مه‌کانیدا جێگایه‌کی گه‌وره‌ی بۆ ته‌رخان کردووه. ئه‌رستۆتالیس 322_ 384 پ.ز له هه‌موو به‌شه‌کانی کتێبه‌که‌یدا (هونه‌ری شیعر) ناوی هۆمیرۆسی دووپات کردۆته‌وه. ئه‌رستۆتالیس یه‌که‌م که‌سه که له‌مێژووی ڕه‌خنه‌سازیدا بایه‌خ به هونه‌ری دراما و فه‌لسه‌فه‌ی جوانی و هونه‌ری نووسین بدات، ئه‌م فه‌یله‌سوفه دوای مردنی سێینه‌ی تراژیدیای گریکی (ئه‌سخیلۆس، سۆفۆکلیس و یوربیدس) تیۆره مه‌زنه‌که‌ی سه‌باره‌ت به هونه‌ری دراما له کتێبی هونه‌ری شیعردا داناوه. هه‌روه‌ها له ڕوانگه‌ی شانۆنامه‌کانی ئه‌و شاعیرانه‌شه‌وه به‌رهه‌مه‌که‌ی خۆی نووسیوه و گه‌یشتۆته ئه‌و به‌رئه‌نجامه. ئه‌رستۆ له کتێبه‌که‌یدا به‌م شێوه‌یه ستر‌کتوری تراژیدیاکان دابه‌ش ده‌کات: چیرۆک یان ئه‌فسانه، که‌سیه‌تییه‌کان، بیرۆکه، زمان، مۆسیقا و دیمه‌نه شانۆییه‌که. مه‌به‌ستیش له نه‌مایشکردنی تراژیدیاکان پاککردنه‌وه‌ی ده‌روونی مرۆڤ بووه له هه‌موو هه‌ڵچوون و ده‌مارگرژی و هێزه‌کانی شه‌ڕه‌وه. بۆ گه‌یشتن به‌م مه‌به‌سته‌ش پێویسته خودی تراژیدیاکه خورپه یان ڕووداوێکی چاوه‌ڕواننه‌کراو، گۆڕانکاری، پێناسه و کاره‌سات له‌خۆبگرێت. به‌شی دووه‌می هونه‌ری شیعر ده‌رباره‌ی کۆمیدیا بووه، به‌ڵام به‌داخه‌وه که ئه‌و کتێبه بزر بووه و نه‌گه‌یشتۆته ده‌ستمان. کێشه‌ی داستانه‌کانی هۆمیرۆس تا سه‌رده‌می ئه‌رستۆتالیس درێژه‌ی کێشاوه، ئه‌رستۆتالیس له ڕێگای قوتابییه‌کانییه‌وه شیعره‌کانی هۆمیرۆسی ڕاڤه و شیکردۆته‌وه، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ئه‌لیازه‌ی کردۆته په‌یڕه‌و و پرۆگرامی باسه‌که‌ی و له‌ئه‌نجامدا کتێبێکیشی به‌ناوی (گرفته‌کانی هۆمیرۆس) ه‌وه داناوه، ئه‌م کتێبه‌ش بزر بووه و له‌چه‌ند برگه‌یه‌کی کورت به‌ولاوه هیچی تری به‌رده‌ست نه‌که‌وتووه. •به فه‌رمی بوونی فێستیڤاڵه شانۆییه‌کان وه‌ک له‌مه‌وبه‌ر ئاماژه‌مان بۆ کردووه فێستیڤاڵ و پێشبڕکێ شانۆییه‌کان ڕۆڵێکی گه‌وره‌یان گێڕاوه له‌به‌ره‌وپێشه‌وه‌چوونی ڕه‌وتی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی و شانۆییدا، به‌تایبه‌تی که کۆمه‌ڵگای یۆنانی له بارودۆخێکی زۆر له‌بار و ژیانێکی دیموکراسیدا ژیاون، ئه‌مه‌ش زیاتر ڕێگاخۆشکه‌ر و هانده‌ری ئه‌م بواره بووه. بیترستراتۆس یه‌که‌م فه‌رمانڕه‌وا بووه که بڕیاری دامه‌زراندن و سازدانی فێستیڤاڵ و پێشبڕکێ هونه‌رییه‌کانی نێوان شاعیره تراژیدێکانی داوه، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش هه‌موو ساڵێک له ئه‌سینا ڕۆژه‌کانی جه‌ژنی دیونیسوس، خواوه‌ندی شانۆ و به‌روبووم ته‌رخانکراوه بۆ ئه‌و دیارده گرنگه. دوای ده‌رکردنی ئه‌م بریاره و په‌سه‌ندکردنی له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی شاری ئه‌سیناوه، یه‌که‌م شانۆگه‌ری له ساڵی 534 پ.ز دا پێشکه‌ش کراوه. له سه‌ره‌تادا چالاکییه‌کانی ئه‌م فێستیڤاڵانه ساڵانه بووه، پێشوازیکردنێکی گه‌رم و گوڕ و تێکڕای جه‌ماوه‌ر بۆ ئه‌م دیارده‌یه، وا له ده‌سه‌ڵاتداران ده‌کات که له ساڵێکه‌وه بیکه‌نه سێ وه‌رز، ئه‌مه‌ش زیاتر زه‌مینه‌ی بۆ جیهانی ڕه‌خنه و ڕه‌خنه‌سازی واڵا و پته‌و کردوه. هه‌روه‌ها ئه‌م فێستیڤاڵانه له‌ڕووی مێژووییه‌وه داده‌نرێت به قۆناخی دووه‌می ڕه‌خنه. یۆنانییه‌کان گه‌لێک جه‌ژنیان هه‌بووه، هه‌ریه‌که گوزارشتی له حاڵه‌تێکی تایبه‌تی ئه‌و شارستانییه‌ته کردووه، به‌ڵام ڕێوڕه‌سمه‌کانی دیونیسوس له هه‌موو جه‌ژنه‌کانی تر گرنگتر بوون، هه‌موو ساڵێک ئه‌م ڕیتواڵ و جه‌ژنه جه‌ماوه‌رییه له وه‌رزی به‌هاردا سازکراوه و ده ڕۆژی خایاندووه، شانۆگه‌رییه‌کانیش له سێ ڕۆژی کۆتاییدا پێشکه‌ش کراون. له سه‌ره‌تادا ته‌نها به‌رهه‌مه تراژیدییه‌کان نه‌مایشکراون، به هیچ شێوه‌یه‌ک ڕیگا به شاعیره کۆمیدیاکان نه‌دراوه که به‌شداری بکه‌ن. به‌ڵام له ساڵی 486 پ.ز وه رێگا به شانۆنامه‌نووسه کۆمیدییه‌کانیش ئه‌درێت که له‌و فێستیڤاڵانه‌دا به‌شداری بکه‌ن. به‌هۆی به‌شداری شاعیره کۆمیدیاکانه‌وه، هه‌ندێ ڕێسا و بنه‌مای تر بۆ تێکڕای نووسه‌ره‌کان داده‌نرێت تا په‌یڕه‌وی بکه‌ن. بۆ نموونه شانۆنامه‌نووسه کۆمیدییه‌کان بوارێکی زیاتریان هه‌بووه بۆ گوزارشتکردن و جۆری ده‌ربرینه‌کانیان، به‌ڵام شانۆنامه‌نووسه تراژیدییه‌کان ئه‌و بواره‌یان نه‌بووه. کۆرسی ناو شانۆنامه کۆمیدییه‌کان توانیویانه و بۆیان هه‌بووه که ڕاسته‌وخۆ ڕووبکه‌نه بینه‌ران. ڕه‌وتی شانۆنامه‌که ڕابگرن و ڕای تایبه‌تی خۆیان سه‌باره‌ت به مه‌سه‌له‌یه‌کی هه‌نوکه‌یی، له‌ڕووی ڕامیاری، ئابوری، هونه‌ری، ڕۆشنبیری .... هتد ده‌رببڕن و دواتر بگه‌ڕێنه‌وه ناو ڕووداوی شانۆنامه‌که‌یان. به‌و شێوازه‌ش وتراوه (په‌راباسی)، له‌م په‌راباسییه‌دا نووسه‌ره کۆمیدیاکان ڕاسته‌وخۆ، وه‌ک ووتمان چ ده‌رباره‌ی فێستیڤاڵه‌که، یان نووسه‌ره به‌شداره‌کان، ڕۆڵی بینه‌ران، پاداشته‌کان .... و ده‌رببڕن و دوای ئه‌م گوزارشته په‌راباسییه شانۆگه‌رییه‌که به‌رده‌وام بووه. شاعیره تراژیدیاکان هه‌ریه‌که به سێ تراژیدیا و ساتورییه‌ک به‌شدارییان کردووه، به‌ڵام شاعیره کۆمیدیاکان ته‌نها ڕێگای یه‌ک شانۆگه‌رییان پێدراوه5. ئه‌م فێستیڤاڵانه گۆڕه‌پانێکی گه‌وره‌ی کێشه و ململانێی له‌نێوان شاعیره به‌شداره‌کاندا دروستکردووه، به‌تایبه‌تی که به‌شدارانی ئه‌م پێشبڕکێیانه شاعیره گه‌وره‌کانی تراژیدیای یۆنانی بوون. پێشبڕکێکان له‌نێوان ئه‌سخیلۆس و سۆفۆکلیس و شاعیری سێیه‌م یان له‌نێوان سۆفۆکلیس و یۆربیدس و شاعێری سێیه‌مدا بووه. به‌م شێوه‌یه سێینه‌ی درامای یۆنانی هه‌میشه لایه‌نێکی گرنگی ئه‌و گه‌مه شانۆییانه بوون. له ئه‌سینا هه‌موو ساڵێک پێش وه‌رزی ئاهه‌نگ و فێستیڤاڵه‌کانی دیونیسوس و پێشبڕکێ شانۆییه‌کان، له‌سه‌ر شانۆی ئۆدیون ئاهه‌نگی تایبه‌تمه‌ند سازکراوه، له‌م ئاهه‌نگانه‌دا شاعیره‌کان خۆیان و ئه‌کته‌ره‌کانیان پێشکه‌ش به جه‌ماوه‌ر کردووه و ناوی تراژیدیاکانیشیان بڵاوکردۆته‌وه، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی که بابه‌تی تراژیدیاکانیان ئاشکرا بووه لای بینه‌ران. بابه‌تی تێکست و شانۆنامه‌کانیان ڕاسته‌وخۆ له ئه‌فسانه و داستانه باوه‌کانی خۆیانه‌وه وه‌رگرتووه، ئه‌و داستانانه‌ش بابه‌تێکی میللی به‌ربڵاو بوون و به‌سه‌ر زاری هه‌موو که‌سێکه‌وه بوون. له‌به‌رئه‌وه جه‌ماوه‌ر که چوونه‌ته ئه‌م فێستیڤاڵانه‌وه، هیچ شتێک به‌لایانه‌وه سه‌یر و نامۆ نه‌بووه، هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌ش بووه که بینه‌ران له کۆتایی هه‌موو نمایش و فێستیڤاڵێکدا ڕۆڵی شیاوی تایبه‌تمه‌ندی خۆیان، به‌رامبه‌ر به شاعیره‌کان، به‌رهه‌مه‌کانیان و خودی نه‌مایشه‌کان هه‌بووه. •ڕاپۆرته ڕه‌خنه ده‌سته‌ی سه‌رپه‌رشتیاری ئه‌م فێستیڤاڵانه، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی که ده‌ستنیشانی به‌رهه‌مه سه‌رکه‌وتووه‌کانیان کردووه، له کۆتایی هه‌موو وه‌رزێکدا ڕاپۆرتێکیان درباره‌ی شاعیره سه‌رکه‌وتووه‌کان نووسیوه و بڵاویان کردۆته‌وه. ته‌نها چه‌ند بڕگه‌یه‌ک له‌م ڕاپۆرتانه ده‌ست لێکۆڵه‌ره‌وان و مێژوونووسانی ڕه‌خنه و ئه‌ده‌بی یۆنان که‌وتووه و به‌شێکی زۆری ئه‌م به‌ڵگه‌نامه و دیکۆمینته گرنگانه له‌ناوچوون، مێژووی کۆنترین برگه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵی472 پ.ز. ئه‌م ڕاپۆرتانه جۆره ڕێزلێنانێک بووه له شاعیره سه‌رکه‌وتووه‌کان و له‌هه‌مانکاتدا داشده‌نرێت به ڕه‌خنه‌یه‌کی هونه‌ری که له ده‌روازه‌ی خودی جموجۆڵ و ڕه‌وته شانۆییه‌کانه‌وه له‌دایکبووه. ئه‌م ڕاپۆرتانه ته‌نها تێکسته‌کانی هه‌ڵنه‌سه‌نگاندووه، به‌ڵکو هه‌وڵیداوه هه‌موو لایه‌نه‌کانی تری نه‌مایشه شانۆییه‌کان: نواندن، مۆسیقا، سینۆگرافیا و هونه‌ری ڕیژی بگرێته‌وه، ئه‌مه‌ش ڕه‌خنه‌ی شانۆییه به هه‌موو مانای ئه‌و وشه‌یه. ئه‌رستۆتالیس به‌هایه‌کی گه‌وره‌ی به‌خشیوه به‌م ڕاپۆرت و بڕگه ڕه‌خنه‌ییانه و کۆی کردوونه‌ته‌وه، دوور نییه که ئه‌م ڕاپۆرتانه سه‌رچاوه‌یه‌کی گرنگی ئه‌م فه‌یله‌سوفه نه‌بووبێت بۆ کتێبی (هونه‌ری شیعر) ه‌که‌ی، هه‌ندی سه‌رچاوه‌ی میژوویی و لێکۆڵینه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌یی دوو کتێبی تری ئه‌رستۆتالیسیان ساخ کردۆته‌وه، کتێبه‌کانیش یه‌کێکیان به‌ناوی دیداسکالیس Didascalies که تایبه‌ت بووه به تێبینی و ئامۆژگاری شاعیره‌کان بۆ ئه‌کته‌ره‌کانیان، دووه‌میشیان به‌ناوی سه‌رکه‌وتنه گه‌وره‌کانی شانۆی دیونیسوسی مه‌زنه‌وه بووه. ئه‌م پێشبڕکێ و فێستیڤاڵانه پاڵی به شاعیره‌کانه‌وه ناوه که خۆیان به‌شداربن له نووسینی ئه‌و ڕاپۆرت و بڕگه ڕه‌خنه‌ییانه‌دا، شاعیره‌کان مه‌به‌ستیان بووه که بۆچوون و تیۆره شانۆییه‌کانیان به جه‌ماوه‌ر و به بینه‌ران بناسێنن، هه‌روه‌ها هه‌ندێ سه‌رچاوه ئاماژه‌ی ئه‌وه‌ش ده‌کات که شاعیره‌کان کتێبی تایبه‌تییان له‌سه‌ر ڕێگاچاره‌ی هونه‌ری، هونه‌ری نواندن و بۆچوونه ڕێژییه‌کانیان بڵاوکردۆته‌وه. هه‌ندێکجار حوکمی ناڕه‌وای ده‌سته‌ی پیشبڕکێکان پاڵی به شاعیره‌کانه‌وه ناوه که ئه‌و جۆره کتیبانه دابنێن و هه‌وڵی نووسینی ڕه‌خنه‌ی شانۆیی بده‌ن. سۆفۆکلیس 405_ 497 پ.ز کتێبێکی له‌سه‌ر (کۆرس) ی شانۆیی نووسیوه، به‌ڵام جێگای داخه که وه‌ک زۆر سامانی تری به‌نرخی یۆنان ئه‌م کتێبه‌ش وون بووه. ئه‌و لێکۆڵینه‌وانه‌شی که له‌سه‌ر ئه‌و به‌ش و بڕگه که‌مانه‌ی که به‌رده‌ست که‌وتوون کراوه، دووپاتی ئه‌وه ده‌که‌نه‌وه که سۆفۆکلیس به چاوێکی ڕه‌خنه‌یی،به دیدێکی هونه‌ری و به سه‌لیقه‌یه‌کی وێژه‌ییه‌وه ڕۆڵ و پێگه‌ی کۆرس روونده‌کاته‌وه، سه‌ره‌تاکانی له‌دایکبوونی شانۆی گرێکی له باوه‌شی کۆرسه‌کاندا ده‌ستنیشان ده‌کات و ئاوڕێکی ڕه‌خنه‌گرانه‌شی له رۆڵی کۆرس له‌لای ئه‌سخیلۆس و دواتریش له‌لای خۆی داوه‌ته‌وه. له‌به‌رئه‌وه‌ی شاعیره‌کان خۆیان ڕیژیسۆر و کۆریۆگرافی شانۆنامه‌کانی خۆیان بوون، ئاساییش بووه به‌لایانه‌وه که ئه‌و کتێبانه له‌سه‌ر لایه‌نه کرده‌یی و پراکتیکییه‌که‌ی نه‌مایشه‌کانیان بنووسن و دیدێکی ڕه‌خنه‌یی و ئێستاتیکی جیاوازیان بۆ پرۆژه و به‌رهه‌مه‌کانیان هه‌بێت. •سێینه‌ی تراژیدیای گرێکی تراژیدیای گرێکی له‌سه‌ر ده‌ستی ئاسخیلۆس، سۆفۆکلیس و یوربیدسدا ده‌گاته ئاستی ترۆپک: ئه‌سخیلۆس بنه‌ما سه‌ره‌تاییه‌کانی خوڵقاند، ئه‌کته‌ری یه‌که‌م له‌گه‌ڵ ڕابه‌ری کۆرسه‌کان که‌وتنه گفتوگۆ، هه‌روه‌ها گرنگی داوه به هونه‌ری ریژی. سۆفۆکلیس بره‌وی به‌و بنه‌ما سه‌ره‌تاییانه‌ی قۆناخی یه‌که‌می تراژیدیا داوه، ئه‌وه‌بوو ئه‌کته‌رێکی تری زیاد کرد، به‌مه‌ش ژماره‌ی ئه‌کته‌ره‌کان بوون به سێ ئه‌کته‌ر، هه‌روه‌ها ژماره‌ی ئه‌ندامانی کۆرسه‌که‌ی له دوازده‌وه کردۆته پازده. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی گرینگی به سینۆگرافیا و هونه‌ری ڕیژی داوه، به‌مه سۆفۆکلیس درامای گرێکی کردۆته وێنه‌یه‌کی مه‌زنی بیری یۆنانی کۆن، دوای ئه‌وان یۆربیدس دێت و له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌ودا، دراما ده‌گاته ترۆپک. یوربیدس له ڕوانگه‌ی ئه‌و شێواز و دیده جیاواز و نوێخوازه‌یه‌وه، زۆر نموونه‌ی زیندووی له هۆشمه‌ندی یۆنانی پێشکه‌وتوخوازی خوڵقاندووه. یوربیدس ڕۆڵی کۆرس به ته‌واوه‌تی که‌م ده‌کاته‌وه و ته‌نها ده‌بێته کاتێکی خۆشی نێوان به‌شه‌کانی تراژیدیاکه و پاڵه‌وانه‌کانیشی له‌و که‌سانه‌وه هه‌ڵبژاردووه که به‌رده‌وام له ژیاندا بوون. که‌سایه‌تییه‌کانی یوربیدس و هه‌ندێکجار به به‌راورد له‌گه‌ڵ شاعیره‌کانی به‌رله‌خۆی چه‌مکێکی سیکۆلۆژی و ڕیالیزمی له‌خۆگرتووه. پاڵه‌وانه‌کانی ئه‌سخیلۆس و سۆفۆکلیس، خواوه‌ند و پادشاکان بوون، به‌ڵام ئه‌لکترای شازاده له‌لای یوربیدس ئافره‌تێکی ساکاری ئاساییه و ژنی کابرایه‌کی جووتیاره. دید و هزری یوربیدس بۆ ئه‌فسانه و داستانه دێرینه‌کان زۆر جیاواز بووه له بۆچوونی هه‌موو شاعیر و فه‌یله‌سوف و هونه‌رمه‌نده‌کانی سه‌رده‌مه‌که‌ی خۆی. ئه‌فسانه و داستانه‌کان له‌لای ئه‌م شاعیره ته‌نها بریتی بوون له خه‌رافات، هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌شه که پاڵه‌وانه ئه‌فسانه‌ییه‌کان گۆڕانکارییان به‌سه‌ردا دێت و ده‌بنه که‌سانی ئاسایی. یوربیدس وێنه‌ی مرۆڤی له هه‌موو چینه جیاجیاکانی کۆمه‌ڵگاوه کێشاوه و له به‌رگێکی ساکار و قووڵدا به‌رجه‌سته‌ی کردوون. له‌م رووه‌وه ئه‌رستۆتالیس ئاماژه‌ی ئه‌وه ده‌کات که پاڵه‌وانه‌کانی سۆفۆکلیس ئه‌و که‌سانه‌ن که پێویسته به‌و شێوه‌یه بن، به‌ڵام پاڵه‌وانه‌کانی یوربیدس ئه‌و که‌سانه‌ن که هه‌ن. یوربیدس له ده‌روازه‌ی شانۆنامه‌کانییه‌وه ڕۆڵی ڕه‌خنه‌ئامێزی خۆی گێڕاوه، به‌تایبه‌تی که هێرش ده‌کاته سه‌ر ئه‌سخیلۆس و گاڵته به فۆرم و شێوازه‌کانی نووسینی شانۆنامه‌کانی ده‌کات. یوربیدس وه‌ک ڕه‌خنه‌گرێک به‌رامبه‌ر به ئه‌سخیلۆس سه‌رکه‌وتنێکی ئه‌وتۆ به‌ده‌ست ناهێنێ، شانۆگه‌رییه‌کانی کاریگه‌رییه‌کی ئه‌وتۆی به‌رامبه‌ر پێگه و ناووناوبانگی ئه‌سخیلۆس نابێت و ناتوانی ئه‌و ڕۆڵه بگێڕێ، هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌شه که یوربیدس دوای چه‌ند هه‌وڵیکی ڕه‌خنه‌گرانه، ئه‌و بواره به‌جێده‌هێڵێ و زیاتر بره‌و به جیهانه درامییه تایبه‌تمه‌ندییه‌که‌ی خۆی ئه‌دات. ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندی به سروشتی تراژیدیاوه هه‌یه که که‌متر، یا ن هه‌ر هیچ بواری گاڵته‌جاڕی و ڕه‌خنه و هێرشکردنه سه‌ر که‌سانی تری تیانییه، ئه‌م کاره زیاتر له‌گه‌ڵ سروشتی کۆمیدیا و شاعیر کۆمیدییه‌کان ده‌گونجێت. ئه‌رستۆفان ئه‌و کاره ده‌گرێته ئه‌ستۆ و به‌رهه‌مه‌کانی ته‌رخان کردووه بۆ ڕه‌خنه‌ی ده‌وڵه‌ت و باری کۆمه‌ڵایه‌تی و ڕامیاری و ئه‌ده‌ب و هونه‌ر. گه‌ر چاویکی خێرا به ڕه‌وتی شانۆ و شانۆنامه‌کانی یوربیدسدا بگێڕین، ئه‌گه‌ینه ئه‌م به‌رئه‌نجامه‌ی خواره‌وه: یوربیدس یه‌که‌م شاعیر بووه که زۆر به توندوتیژی به‌گژ هه‌موو دابونه‌ریتێکی کۆندا چۆته‌وه، گاڵته‌ی به ئه‌فسانه و خواوه‌نده‌کانیان هاتووه، رێزی له سۆفیسته‌کان گرتووه و خۆی به قوتابییه‌کی ئه‌و قوتابخانه‌یه‌ش داناوه6. یوربیدس به‌ئاشکرا بیروڕاو هزره فه‌لسه‌فییه‌کانی له شانۆنامه‌کانیدا ڕه‌نگیان داوه‌ته‌وه و تێکسته‌کانی توخمه فه‌لسه‌فییه‌کانی له‌خۆگرتووه، له‌سه‌ر ده‌ستی یوربیدس و بۆ یه‌که‌مجار فه‌لسه‌فه ده‌چێته دووتوێی شانۆ و درامای گرێکییه‌وه. یوربیدس یه‌که‌م شاعیر بووه که ئامێری مۆسیقای له‌ناو نمایشه‌کانیدا لابردووه و زیاتر دووپاتی ڕووداوه درامییه‌کان و په‌یوه‌ندی نێوان کاره‌کته‌ره‌کان و هێڵی گشتی به‌سه‌رهات و شانه‌کانی چیرۆکه‌که‌ی کردۆته‌وه. یوربیدس گۆڕانکارییه‌کی گه‌وره‌ی به‌سه‌ر شێوه، ناوه‌ڕۆک و فۆرمی تراژیدیای گرێکیدا هێناوه، دابڕانی له‌گه‌ڵ ڕابردوو و هه‌روه‌ها سه‌رده‌مه‌که‌ی خۆیشیدا دروست کردووه و به‌ره‌و ئاینده‌یه‌کی جیاواز گه‌شه‌ی به شانۆی یۆنانی داوه7. یوربیدس له ژیانیدا به‌هیچ شێوه‌یه‌ک له‌لای جه‌ماوه‌ر په‌سه‌ند نه‌کراوه، به‌تایبه‌تی له‌م ڕووه‌وه ئه‌رستۆفان ڕۆڵێکی گه‌وره‌ی بینیوه له شێواندن و چه‌واشه‌کردنی بینه‌ران و ڕه‌خنه‌گرتن له یوربیدس. وه‌ک ئاماژه‌مان بۆ کردووه، ئه‌رستۆفان ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ به‌رده‌وام و له زوربه‌ی به‌رهه‌مه‌کانیدا هێرشی کردۆته سه‌ر یوربیدس و گاڵته‌ی به هونه‌ره‌که‌ی کردووه. بۆ نموونه ئه‌رستۆفان زۆرجار دیالۆژی شانۆگه‌رییه‌کانی یوربیدسی له‌سه‌ر زمانی پاڵه‌وانه کۆمیدییه‌کانی خۆیه‌وه به‌کارهێناوه. به‌مه‌ش ویستوویه‌تی دووپاتی ئه‌وه بکاته‌وه که تراژیدیا‌کانی یوربیدس بێ به‌هان و ته‌نانه‌ت ده‌کرێت مه‌نه‌لۆژ و دیالۆژی پاڵه‌وانه تراژیدییه‌کانی له‌سه‌ر زاری کۆمیدیاکانه‌وه بووترێن. هه‌روه‌ها ئه‌رستۆفان دووپاتی ئه‌وه‌ی کردۆته‌وه که هه‌موو شاعیرێک وێنه‌ی کاره‌کته‌ره‌کانی له سیمای خۆیدا دروست ده‌کات، جا گه‌ر شاعیره‌که هه‌ر ناته‌واوییه‌ک، یان که‌موکوڕییه‌کی تێدا به‌دیبکرێت، ئه‌وا کاره‌کته‌ری شانۆنامه‌کانیشی به‌و شێوه‌یه ده‌بن8. ئه‌رستۆفان یه‌که‌م نووسه‌ر بووه که هه‌وڵیداوه نووسه‌ره‌کان به هونه‌ره‌کانیانه‌وه ببه‌ستێته‌وه و به‌رده‌وام گه‌ڕاوه‌ته‌وه سه‌ر سیما، هزر و بیر‌وبۆچوونی نووسه‌ره‌کان. ئه‌مه‌ش هه‌نگاوێکی فراوانه له مێژووی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی و شانۆی یۆنان‌دا. •بۆقه‌کان و دیکۆمێنتێکی گرنگی ڕه‌خنه‌ی شانۆیی ئه‌رستۆفان له زوربه‌ی شانۆنامه‌کانیدا ڕه‌خنه‌یه‌کی توندوتیژ له یوربیدس ده‌گرێت، شاڵاوی ده‌کاته سه‌ر و به هه‌موو شێوه و شێوازێک گه‌مارۆی ئه‌دات و ته‌نانه‌ت ناوی هه‌ندێک له کاره‌کته‌ره‌کانی ده‌نێت یوربیدس. شانۆنامه‌ی (بۆقه‌کان) یه‌کێکه له‌و شانۆنامانه‌ی که ئه‌رستۆفان توانا و سه‌لیقه‌ی یوربیدس ده‌خاته ته‌رازووی ڕه‌خنه و به‌راوردکاری و ته‌نانه‌ت دانپیانانیشه‌وه. شانۆگه‌ری (بۆقه‌کان) نیشانه‌یه‌کی گه‌وره‌ی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی و شانۆیی یۆنانه که دوای مردنی هه‌ر سێ شاعیری گرێکی: ئه‌سخیلۆس، سۆفۆکلیس و یوربیدس نووسراوه9. بۆقه‌کان له‌کاتیکدا نووسراوه که گۆڕه‌پانی پیشبڕکێکان و به‌هۆی مردنی شاعیره مه‌زنه‌کانه‌وه بۆشاییه‌کی گه‌وره‌یان دروستکردووه، ئه‌رستۆفان هه‌ستی به‌و بۆشاییه کردووه و له ده‌روازه‌ی شانۆنامه‌که‌یه‌وه ڕۆڵی ئه‌و شاعیرانه‌ی به‌رز نرخاندووه. شانۆنامه‌ی بۆقه‌کان هه‌ڵسه‌نگاندنێکی شانۆیی و ووردی توانای شانۆنامه‌نووسیی هه‌ر سێ شاعیره مه‌زنه‌که‌ی تراژیدیای گرێکه. ئه‌رستۆفان زیاتر به‌راورد له‌نێوان ئه‌سخیلۆس و یۆربیدسدا ده‌کات، به‌ڵام یوربیدس و سۆفۆکلیسیش به‌شێکی ئه‌و به‌راوردکارییه‌ن. ئه‌رستۆفان بۆ یه‌که‌مجار له‌م شانۆنامه‌یه‌یدا ددان به توانای یوربیدس و ڕۆڵی شانۆنامه‌کانی و هێزی تراژیدیاکانیدا ده‌نێت، له به‌رئه‌نجام و کۆتایی شانۆنامه‌که‌یدا به‌م شێوه‌یه پله‌ی شاعیره‌کان ده‌ستنیشان ده‌کات: ئه‌سخیلۆس پله‌ی یه‌که‌م، سۆفۆکلیس دووه‌م و یوربیدس پله‌ی سێیه‌م10. به‌و سێوه‌یه ئه‌سخیلۆس داده‌نرێت به ڕابه‌ر و سه‌ره‌تاکانی چاخی کۆنی درامای گرێکی، سۆفۆکلیس به نوێنه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی شارستانییه‌تی ئه‌سینا و یوربیدسیش به شاعیری گه‌وره‌ی مرۆڤایه‌تی ناسرا. تراژیدیاکانیان: ئۆرستێس، ئۆدیبی پادشا و مێدیا تا ئێستا و به خویندنه‌وه و شێوه و شێوازی جیاواز له هه‌موو جیهاندا نه‌مایشده‌کرێن و کاریگه‌رییه‌کانیان بێ سنووره11. سه‌رچاوه‌کان: له هه‌شتاکاندا سوودم له کۆمه‌ڵێ سه‌رچاوه وه‌رگرتبوو بۆ نووسینی ئه‌م باسه، به داخه‌وه که ئێستا ئه‌و سه‌رچاوانه‌م له‌به‌رده‌ستدا نین و باسه‌که‌ش گۆڕانکارییه‌کی گه‌وره و بنه‌ڕه‌تی به‌سه‌ردا هاتووه. به‌ڵام گرنگترین سه‌رچاوه‌کان که له‌یادم ماون کتێبی (النقد المسرحی عند الیونان _ د. عطیه عامر، الفن الشعر_ ارسطوطالیس، فی الادب المسرحی_ د. محمد کامل حسین و کتێبی سه‌ره‌تایه‌ک له فه‌لسه‌فه‌ی کلاسیکی یۆنان_ حه‌مید عه‌زیز بوون. په‌راوێزه‌کان: 1.فیساگۆرس فه‌یله‌سوفێکی ئاکار و زانسته و فه‌لسه‌فه‌که‌شی به‌ناوی خۆیه‌وه نێوزه‌د کراوه و له ساڵی 573 پ. ز دا له‌بارودۆخێکی ئاڵۆزدا کۆچی دوایی کردووه. 2.سۆفیسته‌کان یان سۆفستاییه‌کان: له بنه‌ڕه‌تدا هه‌موو ئه‌وانه‌ی که به‌دوای زانست و زانیاری‌دا ده‌گه‌ڕان پێیان ده‌وترا سۆفیست، ئه‌م سۆفیستانه به‌رگرییان له سیسته‌می دیموکراسی یۆنان و ئازادی مرۆڤ ده‌کرد، ڕه‌خنه‌کانیان ئاراسته‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئایین و سیسته‌می ئاکاری کۆمه‌ڵگای یۆنانی ده‌کرد. دواتر له ساڵی 400 پ. ز دا کۆمه‌ڵێک فه‌یله‌سوف له‌وانه: پرۆته‌گۆراس، گۆرگیاس و هیپیاس به سۆفیستاییه‌کان ناسران. ئه‌م فه‌یله‌سوفانه وه‌ک کۆمه‌ڵێک مامۆستای گه‌ڕۆک له بواره‌کانی ئاکار و فه‌لسه‌فه‌یه‌کی پراکتیکی و ڕۆتۆریک، به پاره وانه‌کانیان به خه‌ڵکی ده‌وته‌وه. 3.به‌پێی سه‌رچاوه‌کان وا پێده‌چێ که هه‌ردوو داستانه‌که‌ی هۆمیرۆس (ئه‌لیازه و ئۆدیسه) له ساڵی 700 پ. ز دا نووسرابن. 4.ئه‌رستۆفان یان ئه‌رستۆفانیس له ساڵی 445 پ. ز دا له‌دایکبووه و له‌ساڵی 385 پ. ز یشدا کۆچی دوایی کردووه، بۆ یه‌که‌مجار له ساڵی 427 پ. ز دا یه‌کێک له شانۆنامه‌کانی نه‌مایشکراوه. کۆنترین شانۆنامه‌شی که‌ده‌ست ئێمه که‌وتووه، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵه‌کانی 425 پ. ز، ئه‌م شانۆنامه‌یه‌ش یه‌کێک له کاره‌کته‌ره‌کانی ناوی یوربیدسه. 5.ئه‌م فێستیڤاڵانه ڕێگای به سێ شاعیری تراژیدی و پێنج شاعیری کۆمیدیا داوه که به‌شداری بکه‌ن. ده‌سته‌یه‌کیش ته‌رخانکراوه که ئه‌و شاعیرانه‌ی له‌پێش ده‌ستپێکردنی فێستیڤاڵه‌کانه‌وه هه‌ڵبژاردووه بۆ به‌شداریکردن. 6.یوربیدس له سه‌ره‌تای ژیانیدا له‌و بابه‌تانه‌ی کۆڵیونه‌ته‌وه که دواتر سۆفیسته‌کان کاریان له‌سه‌ر ده‌کرد. 7.یوربیدس حه‌فتا و هه‌شت شانۆنامه‌ی نووسیون، به‌ڵام ته‌نها حه‌ڤده تراژیدیا و یه‌ک ساتیری به‌ده‌ست ئێمه گه‌یستوون. 8.ئه‌رستۆفان به‌م ڕه‌خنه‌یه مه‌به‌ستی یوربیدس بووه، یوربیدس جیاواز له شاعیره تراژیدیا‌کانی تری ئه‌و سه‌رده‌مه گرنگی نه‌داوه به جلوبه‌رگ و سیمای خۆی. ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌رستۆفان هۆکارێکی ڕاسته‌وخۆی ڕه‌خنه و توانجلێدان بووه. 9.یوربیدس له‌سه‌ر داخوازی پادشای مه‌که‌دۆنیا، له ساڵی 408 پ. ز دا ئه‌سینا جێده‌هێڵێت و دوا ڕۆژه‌کانی ژیانیشی هه‌ر له‌م وڵاته‌دا ده‌باته سه‌ر و هه‌ر له مه‌که‌دۆنیاش دوایین شانۆنامه‌ی ده‌نووسێت و پاش ساڵ و نیوێک و له ساڵی 406 پ. ز دا هه‌ر له مه‌که‌دۆنیا کۆچی دوایی ده‌کات. 10.شانۆنامه‌ی بۆقه‌کان له‌ساڵی 405 پ. ز دا پێشکه‌شکراوه و پاداشتی یه‌که‌می وه‌رگرتووه، دواتر و به‌هۆی سه‌رکه‌وتنی نه‌مایشه‌که‌وه بۆ چه‌ندین جار له ئه‌سینا پێشکه‌شکراوه‌ته‌وه. 11. له هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا و له ئه‌کادیمیای هونه‌ره جوانه‌کانی به‌غدا، شانۆنامه‌ی بۆقه‌کانی ئه‌رستۆفان پێشکه‌شکرا. شانۆنامه‌که له ڕیژی د. عقیل المهدی بوو، گه‌رچی له‌زۆر ڕووه‌وه بێهێز بوو، به‌ڵام بۆ ئه‌وکاتی به‌غدا و بۆ دروستکردنی گفتوگۆ و ووتووێژ سه‌ره‌تایه‌کی باش بوو. |
|
+ نوسراوه له لایه‌ن
له‌رِانيه |
|
|
لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌كی په‌یوه‌ندی ئه‌رشیف |
| ده‌رباره‌ی ماڵپه‌ڕ |
به‌خێربێن بۆماڵپه‌ڕى شارى رانیه
رانیه یه‌کێکه له‌شاره‌کانى باشورى کوردستان ، وه‌ک پله‌ى ئیدارى قه‌زایه له‌سنورى پارێزگاى سلێمانى وه‌چه‌ند ناحیه‌یه‌کى به‌سه‌ره‌وه‌یه ( سه‌رکه‌پکان ، بێتواته ، حاجیاوا، چوارقورنه) مه‌رکه‌زى ناوچه‌ى بیتوێن و ده‌ڤه‌رى راپه‌رینه، رانیه وه‌کو ناوچه مێژوویه‌کى دێرینى هه‌یه وپاشماوه ئه‌سه‌ریه‌کانى راستى ئه‌مه ده‌سه‌لمێنىَ که‌خۆیان له‌قه‌ڵاى رانیه وگردىشمشاره‌و باسموسیان وگرده دێمه وکامه‌م و وکامه‌ریان وگردى بۆسکێن و چه‌ندشوێنێکى دیکه. وه‌کو شاریش مێژووى به‌قه‌زابوونى ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆسه‌رده‌مى عوسمانیه‌کان 1789 که‌یه‌که‌م قائیمقامى بۆدانراوه ، له‌رووى هه‌ڵکه‌وته‌ى جوگرافیه‌وه ده‌که‌وێته باکورى خۆرهه‌ڵاتى پارێزگاى سلێمانى یه‌وه ونزیکه‌ى (130) کم له‌م پارێزگایه‌وه دووره، ئه‌م شاره خاوه‌ن سروشتێکى دڵ ڕفێنه وشوێنێکى له‌بارى هه‌یه بۆهاوینه هه‌وارو سه‌یرانگا له‌که‌نار ئاوه‌جوانه‌که‌ى ده‌ربه‌ندى رانیه‌وه یان ده‌وروبه‌رى سه‌رچاوه‌ى ڕه‌شه‌مێرگ و لاى گرده‌دێمه .هه‌روه‌ها سه‌یرانگاى بێتواته‌و گونده‌کانى ناوچه‌ى دۆڵى شاورىَ وئاکۆیه‌تى ، سروشتى پاک وجوانى ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ن . رانیه به‌شاخه‌کانى ( کێوه‌ڕه‌ش و حاجیله‌و ئاسۆس ) ده‌وره دراوه، له‌رووى کشتوکاڵیه‌وه ده‌شتى رانیه به‌ناوبانگه‌و جێگه‌ى ره‌نێوهێنانى له‌باره‌و خاکه‌که‌ى به‌پیت و به‌ره‌که‌ته ، گه‌ره‌که‌ه‌کانى رانیه بریتین له( قه‌ڵاـ ، ره‌شه‌مێرگ ، گڵینجان ، سه‌را، رزگارى ،راپه‌رین ، ئازادى یه‌ک ، ئازادى دوو ، کێوه‌ڕه‌ش ، قووله ، فه‌رمانبه‌ران ،خانزاد، نه‌ورۆز) رۆڵى ئه‌مشاره له‌بزاڤى شۆڕشگێرى خه‌ڵکى کوردستاندا دیاره هه‌رله‌سه‌رده‌مى شه‌رى دژ به‌ئینگلیز وسه‌رده‌مى حکومه‌تى مه‌لیک مه‌حمود و شۆرشى ئه‌یلول وشۆرشى نوىَى گه‌له‌که‌مان به‌رابه‌رایه‌تى یه‌کێتى نیشتیمانى کوردستان ، که‌دیارترینیان راپه‌رینى 1991 که‌له‌م شاره‌وه له 1991/3/5 کڵپه‌ى سه‌ندو نازناوى ( ده‌روازه‌ى راپه‌رین )ى بۆخۆى مسۆگه‌رکرد، ژماره‌ى دانیشتوانى رانیه زیاتر له حه‌فتا هه‌زار که‌س و نزیکه‌ى یانزه هه‌زار خێزان وه‌هه‌روه‌ها یه‌که‌م بڵاوکراوه له‌ساڵى 1942 به‌ناوى بڵێسه ده‌رچووه له‌رانیه. |
| نوسه‌ره‌كان |
|
رِانيه سابیر |
|
RSS
|